تشرینی یه‌که‌م 13, 2025 16:06 Asia/Tehran
  • زیندە بەرگ

بەرگی زیندەگی لە دوو وشەی یۆنانییە لێکدراو پێک ھاتووە (Bio) بە واتای زیندەیی دێت، (Sphere) بە واتای بەرگ دێت، کەواتە زیندە بەرگ یان بەرگی زیندەگی بە واتای بەرگێکی زیندوو دێت. 

یەکەم کەس کە بیرۆکەی ئەوەی خستەڕوو کە زیندە بەرگ یان بەرگی زیندەگی (بە ئینگلیزی: Biosphere) بەرگێکی زیندووە زانا لاماڕک بوو لە ساڵی ١٨٠٢. یەکەمین کەس کە چەمکی زیندەبەرگی بە شێوەیەکی زانستی بەکار ھێناوە زانای نەمساوی (ئی سیوس) بوو لە ساڵی ١٨٧٥ کە ئەم بەرگەی بە بەرگێکی زیندوو و نیمچە ئەستوور وەسف کردووە، ئەستووریەکەی بە شێوەی ڕووی زەوی بەستۆتەوە. کەواتە، زیندە بەرگ یان بەرگی زیندەگی ھەموو شوێنێک دەگرێتەوە کە شێوەیەک لە شێوەکانی ژیانی تێدا بێت ئەگەر ئەو شێوە ژیانە زۆر سادەش بێت یاخود بریتییە لە پشتێنەی سەر ڕووی زەوی و ھاوسنوورەکەی لە بەرگی گازی کە ژیانی (ئۆڕگانی - ئەندامی) تیادا دامەزراوە.


توخمەکانی بەرگی زیندەگی

لە تێڕوانینی زانایانی نوێ خوازەوە بەرگی زیندەگی پێک دێت لە سێ توخمی سەرەکی کە بریتین لە: 

١- تەنە زیندووەکان: ھەموو زیندەوەرە زیندووەکان دەگرێتەوە کە تۆپەڵەیەکن لە ژیان.

٢- پاشماوەی تەنە زیندووەکان: ھەموو ئەو تەنانە دەگرێتەوە کە بە کاریگەریی زیندەوەرە زیندووەکان درووست بوونە وەکوو (خەڵووز و بیوتومین و نەوت).

٣- تەنە گۆڕاوە ئۆڕگانی و نا ئۆڕگانییەکا: پێک دێن لە ئەنجامی یەکگرتنی تەنە ئۆڕگانییە زیندووەکان لەگەڵ تەنە ئۆڕگانییە نازیندووەکان (مردووەکان).


ڕواڵەتەکانی بەرگی زیندەگی

١- جۆراوجۆری زیندەوەرە زیندووە ئۆڕگانییەکان.

٢- دابەشبوونی زیندەوەرە زیندووەکان لە سەرجەم بەشەکانی ڕووی زەوی.

٣- پێکھێنانی تۆڕێکی ئاڵۆز کە بە بەردەوامی لە گۆڕان دایە لەسەر ڕووی زەوی.


سنوور و پێکھاتەی بەرگی زیندەگی

سنووری بەرگی زیندەگی لەو شوێنانەی کە زیندەوەرە زیندووەکانی تێیدا دەژین لە قوڵایی دەریا و زەریاکان درێژ دەبێتەوە کە بە ١٣ کیلۆمەتر مەزندە دەکرێت، تاکوو دەگاتە بەرزترین خاڵ لە لوتکەی چیا بەرزەکان کە بە ١١ کیلۆمەتر مەزندە دەکرێت، لە ئەنجامدا ڕوواڵەتەکانی ژیان دووچاری دابەزینی پەستانی ھەوا و کەمی ڕێژەی ئۆکسجین دەبنەوە. لەلایەک بە ھۆکاری نەگەییشتنی تیشکی خۆر بە قوڵایی دەریا و زەریاکان کە پێویستە بۆ بەرھەمھێنانی خۆراک لەلایەن زیندەوەرانەوە و لەلایەکی تر لە قوڵایی و توێژاڵ و بنی دەریا و زەریاکان پلەکانی گەرمی بەرز دەبنەوە، ئەم کردارەش ڕێگری دەکات لە پێکھێنانی ژیان بۆ زیندەوەران لە قوڵایی دەریا و زەریاکان. بەم شێوەیەش ئەستووری و سنووری بەرگی زیندەگی لە ٢٤ کیلۆمەتر تێپەڕ ناکات، قوڵایی بەرگی زیندەگی لە ناخی زەویدا لە قوڵی ئەو ناوچانە تێپەڕ ناکات کە (ڕەگی ڕووەکەکان) پێی دەگەن، ھەربۆیە ئەم ناوچەیە بە ١.٦ کیلۆمەتر مەزندە دەکرێت.


بەرگی زیندەگیش لە ڕووی پێکھاتەوە پێک دێت لە 

  •     سەرجەم زیندەوەرە زیندووەکان Biospere
  •     بەشی سەرەوەی توێکڵی زەوی Lithosphere
  •     بەشەکانی خوارەوەی بەرگی گازی (بەرگە ھەوا) Atmosphere 
  •     قوڵایی دەریا و زەریاکان (بەرگی ئاوی) Hydrosphere

پێکھاتەی بەرگی زیندەگی


١- پێکھاتە زیندووەکانی ژینگە: خۆی لە ژمارەیەکی زۆری زیندەوەرە زیندووەکان و شێوە و قەبارەی جۆراوجۆر و جیاواز دەبینێتەوە، سەرجەم ئەم زیندەوەرە زیندوانەش ھاوبەشن لە چەند تایبەتمەندییەک کە بە ڕواڵەتەکانی ژیان دەناسرێن، وەکوو (ھەستکردن، گەشەکردن،  جوڵە، خۆراک، ھەناسەدان و دەرکردن). لە گرنگترین ئەو زیندەوەرە زیندوانەش بریتین لە: 

  •     مرۆڤ زیندەوەرێکی زیندووی بەکاربەرە بۆ دەستکەوتنی خۆراک پشت دەبەستێت بە ڕووەک و ئاژەڵ.
  •     ئاژەڵ زیندەوەرێکی زیندووی بەکاربەرە بۆ دەستکەوتنی خۆراک پشت دەبەستێت بە ڕووەک و ئاژەڵەکانی تر.
  •     بەکتریا و زیندەوەرە ئۆڕگانییە وردەکان زیندەوەرێکی زیندوون کە کاریگەریان ھەیە لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ.
  •     ڕووەک زیندەوەرێکی زیندووی بەرھەمھێنە، بۆ دەستکەوتنی خۆراک پشت دەبەستێت بە ماددە ئەندامییەکانی خاک.


٢- پێکھاتە نازیندووەکانی ژینگە: سەرجەم ئەو پێکھاتانە دەگرێتەوە کە تایبەتمەندییەکانی ژیانیان تیادا نابینرێت و پێک دێن لە (بەرگی ئاوی و بەرگی بەردین و بەرگی گازی) ئەم سێ بەرگە گرنگن بۆ بەردەوامبوونی ژیانی مرۆڤ و ڕووەک و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان.


تایبەتمەندییەکانی زیندەوەرە زیندووەکان: 

زیندەوەرە زیندووەکان کۆمەڵە تایبەتمەندییەکیان ھەیە کە جیایان دەکاتەوە لە زیندەوەرە نازیندووەکان، لە گرنگترین ئەو تایبەتمەندیانەش بریتین لە:

١- توانای جوڵە و گواستنەوە

یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی زیندەوەرە زیندووەکان بەگشتی و ئاژەڵەکان بە تایبەتی، بەڵام ڕووەکەکان بە جێگیری و نەجوڵاو بەدیار دەکەون بە شێوەیەکی ستوونی گەشە دەکەن کە بەچاو نابینرێن، ھەروەھا پێکھاتە نا زیندووەکان وەکوو (ئاو یان لافاو و خزینی خاک و ھەوا) لە جوڵە دانە، ھەربۆیە بە تەنھا ناتوانرێت پشت بەم پێوەرە ببەسترێت بۆ جیاکردنەوە پێکھاتە زیندووەکان لە پێکھاتە نا زیندووەکان.


٢- گەشەی سرووشتی

بریتییە لە گەشەکردن و گەورەبوونی قەبارەی زیندەوەرەکان، ئەم تایبەتمەندییەش زیندەوەرە زیندووەکان لە زیندەوەرە نا زیندووەکان جیا دەکاتەوە، بەڵام ئەم تایبەتمەندییەش بە تەنھا پشتی پێ نابەسترێت بۆ جیاکردنەوەی زیندەوەرە زیندووەکان لە زیندەوەرە نا زیندووەکان، چونکە ھەندێک لە زیندەوەرە نا زیندووەکان وەک گەردیلە کانزاییەکانیان گەشە دەکەن و قەبارەیان گەورە دەبێت کاتێک دەخرێنە نێو گیراوەیەکی دیاریکراو، نموونە وەکوو دیاردەی (ئەستەلەکتایت و ئەستەلەگمایت) لە ئەشکەوتەکان لە گەشەکردن دانە و قەبارەشیان گەورە دەبێت.


٣- توانای زیادبوون و زاوزێکردن

ئەم تایبەتمەندییە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە زیندەوەرە زیندووەکان دەگەنە قۆناغی پێگەییشتن؛ لەم قۆناغەدا زیادبوون و زاوزێکردن دەست پێ دەکات. ھەربۆیە ئەم تایبەتمەندییە تەنھا لە زیندەوەرە زیندووەکان بوونی ھەیە.


٤- دیاردەی مردن

مردن یەکێکە لەو تایبەتمەندییانەی کە زیندەوەرە زیندووەکان لە پێکھاتە نا زیندووەکان جیا دەکاتەوە؛ چونکە مردن دەبێتە ھۆی وەستانی سەرجەم چالاکییە جەستەییەکانی زیندەوەرە زیندووەکان، بەڵام تەنە نا زیندووەکان نامرن بەڵکوو شی دەبنەوە یان تێک دەشکێن و ورد و خاش دەبن.


٥- ھەستکردن بە کاریگەرییە دەرەکییەکان

وەکوو (ڕووناکی و شێ و گەرمی) ڕووەک ھەستی نییە، بەڵام بە دەنگ ئەو کاریگەرییانەوە دێت، بۆ نموونە (گولە بەڕۆژە) بە ئاڕاستەی تیشکی خۆرەوە دەسوڕێت، ھەندێک لە ڕووەکەکان لە کاتی دەست لێدانیان یان کاتێک مێرولە و مێشولەکان لەسەریان دەوەستن گەڵاکانیان دادەخەن.


٦- تایبەتمەندی ڕێکخستنی ئەندامانی زیندەوەرە زیندووەکان 

ھەر ئەندامێک بە کارێکی تایبەت ھەڵدەستێت بۆ ھاوبەشیکردن لە بنیاتنانی کۆمەڵگاکەیان، بە تایبەتی زیندەوەرە زیندووەکان؛ بەڵام زیندەوەرە نا زیندووەکان گەردیلەکانیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار دەکەن بەبێ ئەوەی لەلایەن گەردیلەیەکی ترەوە پاڵپشتی بکرێت.


خولەکانی بەرگی زیندەگی

    خولی ئاو water cycle

    خولی وزە energy cycle

    خولی توخمە کیمیاییەکان Cycle of Chemical Elements

سەرپەیڤ