شاندێکی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی پرسى ئاو سەردانی عێراق دەکات
https://kurdish.sahartv.ir/news/تورکیا-i363483-شاندێکی_تورکیا_بۆ_تاوتوێکردنی_پرسى_ئاو_سەردانی_عێراق_دەکات
بڕیارە لەم مانگەدا شاندێکی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی تایبەت بە ئاو سەردانی عێراق بکات و حکومەتی تورکیاش وەزیری پێشووی کاروباری ئاو و دارستانی وەکو سەرۆکی شاندەکە دیاریکردووە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
حوزه‌یران 03, 2019 15:33 Asia/Tehran
  • شاندێکی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی پرسى ئاو سەردانی عێراق دەکات

بڕیارە لەم مانگەدا شاندێکی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی تایبەت بە ئاو سەردانی عێراق بکات و حکومەتی تورکیاش وەزیری پێشووی کاروباری ئاو و دارستانی وەکو سەرۆکی شاندەکە دیاریکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی ئێن ئاڕتیی ھەرێمی کوردستانی عێراق، بڕیارە لەم مانگەدا شاندێکی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی تایبەت بە ئاو سەردانی عێراق بکات و ھەر لەم پەیوەندیییەدا دەوڵەتی ئانکارا وەزیری پێشووی کاروباری ئاو و دارستانی ئەم وڵاتەی وەک سەرۆکی شاندەکە دەستنیشان کردووە.

ڕۆژنامەی حوڕییەت دەیلی نیوزی تورکیل لەم بارەیەوە وای بڵاو کردووەتەوە کە، فەیسەڵ ئێرۆغڵو وەزیری پێشووی کاروباری ئاو و دارستان وەکو سەرۆکی شاندەکە و نێردەی تایبەتی تورکیا دیاری کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامە تورکییەکە، لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، باس لە سیستمەکانی گلدانەوەی ئاو و پرسەکانی تایبەت بە بەفیڕۆدان و بەکارهێنانی ئاو دەکرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، تورکیا گروپێکی پەنجا کەسیی بە سەرۆکایەتی ئێرۆغڵو پێکهێناوە و ئامادەکاری بۆ کارکردن لەسەر پرسەکە دەکات.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە هەریەکە لە وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکان، وەزارەتی ژینگە و نیشتەجێبوون و وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستان، کارە تەکنیکییەکان لەئەستۆ دەگرن.

باس لەوەش کراوە، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی گروپەکە لەسەر دابینکردنی ئاوی خاوێن و تەندروست کۆتایی هاتووە و پێشکەش بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کراوە.

ئەو شاندەی تورکیا کە سەردانی عێراق دەکات لە ٢٠ کەس پێکدێن و چەند ڕێککەوتنێکی تایبەت بە بەنداوەکانی عێراقیش لە کۆبوونەوەکانیاندا تاوتوێ دەکرێت.

ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی بەنداوی ئیلیسو لە تورکیا لەسەر ڕووباری دیجلە تەواو بوو، نیگەرانییەکانی عێراق لە کورتهێنانی ئاو پەرەی سەند. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ٧٠%ی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە وڵاتە دراوسێکانییەوە هەڵدەقوڵێن و دەڕژێنە ناو ڕووباری دیجلە و فوراتەوە، کە ئەو دوو ڕووبارە پێش ئەوەی بگەنە عێراق بە تورکیادا تێدەپەڕن .