May 12, 2021 22:18 Asia/Tehran
  • پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک کۆمارانی ڕووسیاو تورکیا لە سەر توندو تیژییەکانی فەلەستینی داگیرکراو

«ڤیلادیمیر پوتین» و «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆمارانی ڕووسیاو تورکیا لە بارەی توندو تیژییەکانی ئەم دواییەی فەلەستینی داگیرکراوەوە وتووێژێکی تەلەفۆنییان پێکەوە ئەنجام دا.

بە پێی راگەیەندراوێک کە لە لایەن بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، لە پەیوەندیە تەلەفۆنییەکەی  سەرۆک کۆمارانی ڕووسیاو تورکیا باس لەوە کراوە کە تورکیا توندترین کاردانەوەی پیشانداوە بەرامبەر بە هێرشە بێ دەربەستەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قودسی پیرۆزو، غەززە و مزگەوتی ئەقسا و جەماوەری بێ دەرەتانی فەڵەستین، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هێزمەندانە ڕژێمی زایونی تەمێ بکات و بۆ ئەو ئامانجەش بەردەوام دەبن لەسەر هەوڵەکانیان لە هەموو ئاستێکدا.

سەرۆک کۆماری تورکیا لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی دا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پەیامی وەزارەتی دەرەوەی روسیا بە گرنگ دەزانێ لەبارەی فەڵەستین کە ئاماژەی بە چارەسەریی دو دەوڵەت دەکات و، راشیگەیاند: ئەوە پەیامێکی گرنگە کە تورکیا و روسیا لەبارەی ئەو پێشهاتانەی لە قودس رو دەدەن هاوڕان.

ڕەجەب تەیب ئەردوغان ئەوەشی ڕاگەیاند: پێش ئەوەی قەیرانەکە گەورەتر بێت گرنگە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خۆی لە بابەتەکە تێ گەیەنێت و پێویستە پەیامی رون و پێداگرانە بدات لەبارەی راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل.

سەرکۆماری تورکیا بە پێویستیشی زانی کاربکرێت لەسەر بۆچونی ناردنی هێزەکانی پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەکە بە مەبەستی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنیی فەڵەستین و ئینجا ئەوەشی خستەڕوو کە لەو باوەڕەدایە تورکیا و روسیا دەبێ هاریکاریی نزیکیان پێکەوە ھەبێت  لە نەتەوە یەکگرتوەکان لە بارەی تەواوی ئەو پرس و کێشانەوە.

سەرپەیڤ