May 29, 2021 10:09 Asia/Tehran
  • دادگای تورکیا بە ٢ ساڵ و نیو حوکمێکی نوێی بەسەر دەمیرتاشدا سەپاند

دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە سزای زیندانیکردنی ٢ ساڵ‌و نیو ی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوتری هەدەپەدا سەپاند، ئەوە لە کاتێکدایە دادگای ئەوروپی چەندجارێک بە فەرمی بڕیاری ئازاکردنیان بە تورکیا راگەیاندووە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری هەدەپە لەزیندانی سزا قورسەکانی ئەدێرنە لەرێگەی بەرنامەی دەنگ‌و رەنگی راستەوخۆ بەسیستەمی ئۆنلاینی SEGBS بەشداریکرد.

داواکاری گشتیی تۆمەتەکانی هەڕەشەی کوشتن لەیوکسەل کۆجامان، سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرەو و مەترسی خستنە سەر ژیانی بەهۆی ئاشکراکردنی ناسنامەکەی لەبەڕێوەبردنی دۆسیەی "دژەتیرۆر" خستەپاڵ دەمیرتاش و داوای ٨ ساڵ زیندانیکردنی کرد. 

سەڵاحەدین دەمیرتاش بەدەستەی دادوەرانی راگەیاند، "داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە سێ هەزارو ٥٠٠ لاپەڕە تۆمەتنامەی پێشکێشی ١٩ەیەمین دادگای سزا قورسەکان کردووەو هەمان ئەو تۆمەتنامەیەش لەدادگاییکردنی ئەمڕۆیدا بەکارهێنراوە، بەڵام تەنانەت یەک بەڵگەی بەرجەستەکراو دژی من تۆمارنەکراوە".

مەحسوونی کارامان کە یەکێکە لە پارێزەرانی دەمیرتاش، داوای بێبەریکردنی دەمیرتاشی لەو تۆمەتەو ئازادکردنی کردبوو، ئەوەش بەپشتبەستن بەبڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، بەڵام داواکەی رەتکرایەوەو دەستەی دادوەران بەپاساوی هەڕەشەکردن لەسەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی لەئەنقەرە، سزای زیندانیکردنی‌ بۆ ماوه‌ی‌ ٢ ساڵ‌و نیو مانگی بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاشدا سەپاند.

سەرپەیڤ