ئۆپەراسیۆنی نایاسایی سوپای تورکیا لە باکوری سوریا
وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی 5 ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لە باکوری سوریا ڕاگەیاند.
ئانکارا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە، باکوری سوریای کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی و تەنانەت پێشنیاری دروستکردنی کۆریدۆرێکی ئەمنی هاوتەریب لەگەڵ سنووری هاوبەشی ئەو وڵاتە لەگەڵ تورکیا بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر لە خاکی سوریای کردووە . لە هەمان کاتدا دیمەشق ئەم هێرشانە و ئەم پێشنیازە بە هەنگاوێک بۆ پێشێلکردنی سەروەریی خاکی سوریا دەزانێت.
سەرەڕای ناڕەزایەتی سوریا، ئەم هێرشانە بەردەوامن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵی ڕادیۆ-تەلەفزیۆنی TRT، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەم هەینییە هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای وڵاتەکەی لە شەڕگەکانی «کانیی ئاشتی» و «قەڵغانی فورات» لە باکووری سوریا بە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو ناوبرد و باسی کوژرانی ٥ ئەندامی پەکەکەی کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، گوایە ئەو ئەندامانەی پەکەکە بە نیازبوونە تەقە لە هێزەکانی تورکیا بکەن کە پێش هەر چالاکیەک کراونەتە ئامانج.