شوبات 07, 2023 20:36 Asia/Tehran
  • ئه‌ردوغان ١٠ ناوچه‌ی باشوری تورکیای وه‌ک ناوچه‌ی کاره‌ساتبار ڕاگه‌یاند

«ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان» سه‌رۆک کۆماری تورکیا وێڕای دیاری کردنی دە ناوچەی وڵاتەکەی وەک ناوچەی کارەساتبار، ڕایگه‌یاند: وڵاته‌که‌ی ڕوبه‌ڕوی یه‌کێک له‌ خراپترین و گه‌وره‌ترین کاره‌ساته‌کانی جیهان بووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بۆ ماوه‌ی سێ مانگیش باری نائاسایی به‌رده‌وام ده‌بێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی تورکیا، «ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان» سه‌رۆک کۆماری تورکیا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ وتارێکیدا له‌ ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌بردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی فریاکەوتن ڕایگه‌یاند: تیمه‌کانمان به‌ درێژایی شەووڕۆژ لە ھەوڵدان ، ھەڵبەت له‌ چه‌ند وڵاتێکیشه‌وه‌ چەند تیمێک گه‌یشتوونه‌ته‌ لامان بۆ هاوکاریکردن له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ڕزگارکردندا.

وتیشی: به‌وته‌ی پسپۆڕانی بومه‌له‌رزه‌، هیچ بومه‌له‌رزه‌یه‌ک هاوتای ئه‌م بومه‌له‌رزه‌ زه‌به‌لاحه‌ نییه‌ که‌ له‌ تورکیادا ڕووی داوە، به‌سه‌رنجدانی ئەمەش داوا له‌ هه‌موو هاوڵاتیانمان ده‌که‌م له‌ حاڵه‌تی له‌ناکاو و به‌په‌له‌، ئه‌و رێگایانه‌ به‌کارنه‌هێنن که‌ مه‌ترسیی روودانی بومه‌له‌رزه‌یان له‌سه‌ر هه‌یه‌، هه‌روه‌ها کار به‌ تۆڕه‌کانی په‌یوه‌ندی و ئینته‌رنێتیش نه‌که‌ن.

سه‌رۆک کۆماری تورکیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد: تا ئێستا ژماره‌ی گیان له‌ده‌ستدان بۆ سێ هه‌زار و 549 که‌س به‌رزبوه‌ته‌وه‌ و پێده‌چێت ژماره‌کان به‌رزتریش ببنه‌وه‌، هاوکات ژماره‌ی بریندارانیش گه‌یشتووه‌ته‌ 22 هه‌زار و 168 که‌س و ئه‌م ئامارانه‌ش کۆتایی نین و ئه‌گه‌ری زیادبوونیان هه‌یه‌. 

ئه‌ردۆگان له‌ وتاره‌که‌یدا 10 ناوچه‌ی باشوری تورکیای وه‌ک ناوچه‌ی کاره‌ساتبار ڕاگه‌یاند و ئه‌وه‌شی ئاشکراکردکە، باری نائاسایی بۆماوه‌ی سێ مانگ له‌ تورکیا به‌رده‌وام ده‌بێت، تا ئێستا 54 هه‌زار خێمه‌ و 102 هه‌زار دۆشه‌ک و پێداویستیی دیکه‌مان بۆ ناوچه‌ی بومه‌له‌رزه‌که‌ ناردوه‌، "وڵاته‌که‌مان به‌ هه‌مو داموده‌زگا و کادره‌کانیه‌وه‌، ده‌ستی به‌ کاره‌کان کردوه‌ له‌و ناوچانه‌ی که‌ به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌که‌وه‌ زیانیان پێگه‌یشتوه‌.ئه‌ردۆگان ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، له‌ ئێستادا 53 هه‌زار و 317 کارمه‌ند له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی گه‌ڕان و ڕزگارکردندا کارده‌که‌ن، ژماره‌ی تیمه‌کانیش به‌هاوکاری وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ روو له‌زیادبوونن.

سەرپەیڤ