بەڕێوەچوونی دانیشتنی لوتکەیی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی بەتەوەری توندوتیژییەکانی میانمار
وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی هەینی ڕایگەیاند، دانیشتنی لوتکەیی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی بۆ تاووتوێی بارودۆخی دڵتەزێنی موسڵمانانی رۆهینگیا لەداهاتوویەکی نزیکدا بەڕێوە دەچێ.
لە ڕۆژی هەینی٢٥ی ئاگۆستەوە تائێستا لە شەپۆلی نوێی پەلاماری سەرکوتکاران و دەسدرێژکارانەی سوپای میانمار بۆسەر موسڵمانانی رۆهینگیا لە پارێزگای راخین لەڕۆژاوای ئەو وڵاتە، زیاتر لە سەت کەس کوژراون.
هاوکات لەگەڵ چوونەسەری ژماری سەربازانی میانماری لە پارێزگای راخین لە سەرەتای مانگی ڕابردوو(ژوولای) یەوە و تاوپێدرانی سەرکوتی موسڵمانان، هەزاران موسڵمانی رۆهینگیایی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووەو ڕوویان کردۆتە بەنگلادش.
پارێزگای راخین لەساڵی٢٠١٢وە شایەتی پەلامارەکانی سوپای میانمار و بودائییە توندڕەوەکان لەدژ موسڵمانانی رۆهینگیایە.
حکومەتی میانمار نزیک بە یەک ملوێن موسڵمانی رۆهینگیا بە کۆچبەری نایاسایی لەقەڵەم دەداو هیچ مافێکی شارومەندیان بۆ لەبەرچاو ناگرێ.
مەولوود چاووش ئۆغڵوو وتی: ئەو دانیشتنە بەئامانجی خستنەژێر گوشاری حکومەتی میانمار بۆ پێش گرتن بە سەرکوتی موسڵمانانی رۆهینگیا بەڕێوە دەچێ.
محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رۆژی چوارشەممە لەسەر پەیجەکەی لە توئیتەر نووسی: پێش گرتن بەپاکتاوکرانی ئەتنی و ڕەگەزیی لەمیانمار، پێویستی بە هەوڵی جیهانی هەیە.