جڤینی جیهانیی ئابووری لە داڤووس، دەرفەتە یاخود هەڕەشە؟
کۆبوونەوەی جیهانیی ئابووری لە داڤووس هەموو ساڵێک بە ئامادەبوونی سیاسەتوانان و چالاکوانانی کەرتە جۆراوجۆرەکانی ئابووری و بە ئامانجی نزیک بوونەوەی نەتەوەکان لە پێناو دۆزینەوەی ڕێکارێک بۆ گەشەی ئابووریی جیهان، بەڕێوە دەچێت.
ئامانجەکانی جڤینی ئەمساڵی داڤووس بریتین لە: پاراستنی ئابووری جیهانی لە بەرامبەر دابەزینێکی دیکە، وەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان هاوکارییە جیهانییەکان و سیاسەتە پاڵپشتییانەکان بۆ ڕێگری لە دابەزینی ئابووری جیهانی و ژینگەپارێزی.
یەکێک لە بنەڕەتیترین کەڵکەڵەکانی کۆبوونەوەی داڤووس لەو کاتەوە وا شێوەی ئابووری بە خۆیەوە گرتووە، بەڕێوە بردنی تۆکمە و تەواوی بازرگانیی ئازاد بووە لە سەرانسەری دونیادا. هەر ئێستاکە ئەمریکا بە سیاسەتەکانی سەرۆکە نوێیەکەی واتە ترەمپ، لەم چوارچێوە چووەتە دەر.
جڤینی ساڵانەی ئابووری، لە شاری داڤووسی سویسرا، لە حاڵێکدا دەس پێ بوو کە نەیارەتییەکان لەمەڕ بەشداری سەرۆکی ئەمریکا لەو کۆبوونەوەیە، کاری کردە سەر شێوازی جڤینەکەی ئەمساڵ.
ئەم کۆبوونەوەیە لە حاڵێکدا دەستی بەکار کرد کە هەزاران کەس لە جەماوەری سویسرا، لە شارەکانی "بێرن"ی پێتەخت و "زووریخ"، لە دژی سەردانەکەی ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ سویسرا، خۆپیشاندانیان سازدا.
خۆپیشاندەرە سویسرییەکان، ڕایانگەیاند: لەحاڵێکدا مرۆڤەکان بە هۆی لەنێوچوونی ژینگە یاخود چەوساندنەوەی وڵاتانی دیکە، ناچارن لە زێدی خۆیان هەڵێن، کومپانیا، دامەزراوە و حکوومەتەکان لە کۆبوونەوەکەی داڤووسدا، بەدوای قازانج و سوودێکی دراڤی زیاترن بۆ خۆیان.
کۆبوونەوەی جیهانیی ئابووری داڤووس لە 23ی تا ڕۆژی 26 ی ژانیڤەری بە بەشداری کەسایەتییە سیاسی، ئابووری و زانستییەکانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لە ناوچەی شاخاویی داڤووسی سویسرا، بەڕێوە چوو.