هەڕەشەی كەم وێنەی پووتین لەمەڕ دەكارهێنانی چەكوچۆڵی ناڤۆكی
ڤلادیمیر پوتیني سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە میانەی وتارێكی لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەو وڵاتە، دەسکەوتە سەربازییەکان و دۆخی سیاسی و ئابوری ڕووسیای خستەڕوو.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا وتی: سیاسەتی سەربازی ئێمە ئەو موڵەتەمان پێ دەدات کە لە بەرگری لە خۆمان یان هاوپەیمانەکانمان لە بەرامبەر هێرشی ناوەکی یان هەر هێرشێکی دیکە، چەکی ناوەکی بە کار بێنین
پوتین لە بەشێک لە وتارەکەی بە ئاماژە دان بە هەڕەشە مووشەکییەکانی ئەمریکا وتی: چەندین جارە بە ئەمریکامان ڕاگەیاندووە کە سیستەمە مووشەکییەکانی ئێوە بە هەڕەشە لە سەر ڕووسیا دادەنرێت، بەڵام واشنتنۆن تەنیا پەنای بۆ هەنگاوی یەك لایەنە هێناوە. گرنگیتان بە قسەکانی ئێمە نەدا، ئێستا پێویستە ئاگادار بن! ڕووسیا چەکی ستراتژیکی زۆری هەیە و مووشەکە کیشوەربڕەکانی بە سەر هەر سیستەمێکی بەرگریدا تێپەڕ دەبن و سیستەمەکانی ئەمریکاش توانای ڕووبەڕووبوونەوەی چەکەکانی ڕووسیایان نییە.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە درێژەدا بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە سیاسەتی سەربازی ڕووسیا ئەو موڵەتە دەدات کە لە بەرگری لە خۆ یان هاوپەیمانەکانی لە بەرامبەر هێرشی ناوەکی یان هێرشی دیکە، چەکی ناوەکی بە کار بێنین، ڕوونیکردەوە: سەرەڕای ڕێکەوتنی ستارتی ٣ لە گەڵ ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٠، کۆشکی سپی پەرەی بە چەکە ستراتژیکەکان لە سەر ئاستی جیهانی و لە وڵاتانێكی وەک ڕۆمانیا، کۆریای باشور و ژاپۆن داوە.
پوتین وتی: مووشەکە کیشوەربڕەکانی ئێمە مەودایەکی ١١ هەزار کیلۆمەتری دەبڕن و دەتوانن بە تێپەڕبوون بە سەر جەمسەری باکور و باشور، هەر ناوچەیەکی جیهان بکەنە ئامانج. هەروەها مووشەکی ئاوانگارد کە توانایەکی بێ سنوری هەیە و بە سوپای ڕووسیا ڕادەست کراوە.
ناوبراو ڕوونیکردەوە: چەکی نوێی سوپای ڕووسیا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیادی کردووە و٨٠ مووشەکی کیشوەربڕ ڕادەستی سوپا کراوە. هەمووان دڵنیا دەکەینەوە کە توانای چەکەکانمان زۆرە و هیچ گومان لەمەدا نییە.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕایگەیاند: تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتنەکانی دیکەی سوپای وڵاتانی جیهان، ڕووسیا نیگەران ناکات، لە بەر ئەوەی کە ئەوان هیچ کات ئەفسەرێکی وەک ڕوومان فیلیپۆفیان نابێت. (ئەو فڕۆکەوانەی کە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان لە سوریا خۆی تەقاندەوە).
سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە کۆتاییدا وەبیری هێنایەوە: هەڕەشەی سەرەکی لە سەر شارستانیەتی ڕووسیا، دواکەوتنی ئەم وڵاتەیە لە ڕووی تەکنۆلۆژیاوە و داهاتوومان بەندە بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەم کێشەیە.