تەبایی وڵاتانی یەکێتیی ئەروووپا لە سەر دابەزاندنی ژماری پەنابەران
سەرانی وڵاتانی ئەورووپایی کە بەرەوڕووی شاڵاوی کۆچ و کۆچبەریی بوونەتەوە، ڕەزامەند بوون بە واژۆ کردنی ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەیەک بۆ بەرتەسک کردنەوەی ژماری ئەو کۆچبەرانەی دێنە نێو وڵاتەکانیان .
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز؛ سەرانی ولاتانی وەرگری کۆچبەر لە ئەورووپا ڕۆژی چوارشەممە لە بروکسێلدا گەیشتنە تەبایی لەسەر ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەیەک بۆ بەرتەسک کردنەوەی هەژماری ئەو کۆچبەرانەی دێنە نێو وڵاتەکەیانەوە و هەروەها بەرتەسک کردنەوەی جێگۆڕکێی ئەو کەسانەی پێشتر وەکوو پەنابەر خۆیان گەیاندۆتە ئەورووپا.
بڕیارە سەرانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کە وەرگری کۆچبەرن، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممەی خۆیاندا جێبەجێ کرانی ئەم ڕەشنووسە بە شێوەی فەرمی ڕابگەیەنن.
لەم ڕەشنووسەدا هاتووە؛ هەشت وڵاتی ئەورووپایی وەرگری کۆچبەر خۆیان پێبەند دەکەن بە هەڵگرتنی هەنگاوی سەرکەوتوانە بۆ کەم کردنەوەی هەژماری ئەو کەسانەی لە ڕێگای نایاساییەوە دێنە نێو ئەورووپا بەتایبەت لە ڕێگای بەهێزتر کردنی سیستەمی بەرگری لە سنوورە بیانییەکاندا، یەکسان کردنی یاسا و ڕێساکانی وەرگرتنی پەنابەر و پەرەپێدانی هاوکاری لەگەل وڵاتانی شوێنی پەڕینەوەی پەنابەران و هەروەها لەگەڵ وڵاتانی زێدی ئەو پەنابەرانە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بە پێی یاسای نوێی پەرلەمانی هەنگاریایش هەر کەس کە هاسانکاری بکات بۆ کۆچی نایاسایی، یەک ساڵ بەندی بۆ دەبڕدرێتەوە.
کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری پەنابەران داوای لە هەنگاریا کردووە ئەو یاسایە هەڵوەشێنێتەوە.
قەیرانەکانی ڕۆژاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقا، ئەورووپای کردووە بە ئامانجی دڵخوازی پەنابەران و بۆ هەڵاتن لە شەڕ و پێکدادانی چەکدارانە و دەرباز بوون لە کێشە و قەیرانی توندی ئابووری، بەژی کەسک بۆ درێژەی ژیانیان هەڵدەبژێرن.