حوزه‌یران 28, 2018 10:15 Asia/Tehran
  • بایکۆتەکان ، زەبر لە هاوردەی نەوتی چین لە ئێرانەوە نادەن

گەورەترین پاڵاوتگەی نەوتی جیهان ڕایگەیاند: ئەو بایکۆتانەی ئەمریکا دژ بە ئێران دایسەپاندووە هیچ کاریگەرییەک دانانێتە سەر ڕادەی هاوردەی نەوتی چین لە ئێرانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی راگەیاندنی نەوت و وزەی ئێران (شانا)؛ یەکێک لە بەڕێوەبەرانی باڵای کۆمپانیای "ساینۆپەک"ی چین ڕۆژی چوارشەممە رایگەیاند: پاڵاوتگە چینییەکان بۆ کڕینی نەوت لە ئێران ئەو گەمییە نەوتهەڵگرانەی بەکار دێنن کە هیچ پێوەندی و بازرگانییەکیان لەگەڵ ئەمریکا نییە؛ کەوایە وێڕای بڕیاری ئەمریکا لەمەڕ سەر لە نوێ داسەپاندنەوەی بایکۆت دژ بە ئێران، ڕەوتی هاوردە کردنی نەوت لە ئێرانەوە بۆ چین هیچ گۆڕانێکی بە سەردا نایە.

ئەم بەڕێوەبەرەی کۆمپانیای "ساینۆپەک"ی چین هەروەها رایگەیاند: بێتوو دەوڵەتی چین نرخی گومرکیی ٢٥% داسەپێنێتە سەر هاوردەی نەوت لە ئەمریکاوە، پاڵاوتگە چینییەکان کۆتایی دێنن بە کڕینی نەوت لە ئەمریکا.

چین و هیندستان  گەورەترین کڕیارانی نەوتی ئێران لە ئاسیا دێنە ئەژمار و تورکیا و ئیتالیایش لە کڕیارانی هەمیشەیی نەوتی ئێران لە ئەورووپان.

ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە لە چوارچێوەی دوژمنایەتییەکانی لەگەل گەلی ئێران رایگەیاند بە هەموو وڵاتانی جیهانی وتووە کە هەتا مانگی نۆڤەمبەر کۆتایی بێنن بە هاوردە کردنی نەوت لە ئێرانەوە.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە کاردانەوە بە قسەکانی کاربەدەستێکی باڵای ئەمریکایی سەبارەت بە ڕاگیردرانی فرۆشی نەوتی ئێران ، بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئەمڕۆکە هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە ویست و خواستی خۆی بە سەر وڵاتانی دیکەدا بسەپێنێ و وڵاتان دیکەیش ناچنە ژێر باری ئەو سیاسەتەوە رایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پشت بەستن بە توانا و پوتانسییەلی ناوخۆیی و کەڵک وەرگرتن لە دزە و دەسەڵاتی نێودەوڵەتیی خۆی توانای خۆڕاگری بەرامبەر بە  گوشار و بایکۆتە یەکلایەنەکانی ئەمریکای هەیە.

سەرپەیڤ