ته‌مووز 22, 2018 10:14 Asia/Tehran
  • دەنگدانەوەی وتەکانی دوێنێی ڕێبەری باڵای شۆڕش لە میدیاکانی چیندا

میدیاکانی چین بەبڵاوکردنەوەی وتاردانی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لەدیداری باڵوێزان، کارگێڕان و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تاران ڕایانگەیاند: ئایەتوڵڵا خامەنەیی هەرچەشنە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بۆ چارەسەریی کێشەو گرفتەکانی ڕەت کردۆتەوە.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، رادیۆ نێودەوڵەتیی چین دوێنێ شەممە ڕایگەیاند،  ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕێکاری چارەسەریی گرفتەکانی ئەو وڵاتەی بەناوخۆیی زانی و هەرچەشنە دانوستان لەگەڵ ئەمریکییەکان بۆ چارەسەریی گیروگرفتەکانی وڵاتی بە"هەڵەیەکی ئاشکرا" لێکدایەوە.

هەواڵدەریی فەرمیی چین(شین هۆوا) یش لە بابەتێک بەگێڕانەوە لە ڕێبەری باڵای شۆڕش نووسی: ئەمریکا کێشەی سەرەکی وبنچینەیی لەگەڵ ئەسڵی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە.

شین هۆوا لەدرێژەی ڕاپۆرەکەیدا ئاماژە دەکا،  ئایەتوڵڵا خامەنەیی بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوەیی ئێرانی ڕاسپارد، بە ڕوحییەی شۆڕشگێڕیی و دیپلۆماسی ئامانجمەند، پەیوەندییە دەرەوەییەکان پەرە پێ بدەن و تواناو پتانسێلەکانی نیزام بکەنە پاڵپشتێک بۆ دەسکەوتە سیاسی و دیپلۆماسییەکان.

هەواڵدەریی فەرمیی چین هەروەها دەنووسێ:  ئایەتوڵڵا خامەنەیی لەو وتاردانەدا، قسەکانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەفەر بۆ ئوروپا لەمەڕ ئەوەی کە ئەگەر نەوتی ئێران هەناردە نەکرێ، نەوتی هیچ وڵاتێک هەناردە ناکرێ، بە لێدوانێکی گرینگ و بە ڕەوتی نیزام ناوبردووە کە سەلمێنەری شێلگیربوونی ئێرانە لەمەڕ پرسی بەرەوڕووبوونەوەی ئابلۆقەی نەوتیی ئەمریکا.

وەزیر و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەو باڵویزان و سەرۆک نوێنەرایەتییەکانی ئێران لەدەرەوەی وڵات، سەرلەبەیانی دوێنێ شەممە لەگەڵ  ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی دیداریان کرد.

سەرپەیڤ