فەرەنسا سەفەری کاربەدەستانی خۆی بۆ عەرەبستان هەڵپەسارد
سەرۆک کۆماری فەرەنسا وتی: تا ڕوون بوونەوەی دۆسییەی خاشووقچی ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگر و نەیاری ڕژێمی سەعوودی، سەفەری کاربەدەستانی ئەم وڵاتە بۆ عەرەبستانی هەڵپەساردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا؛ "ئیمانۆئێل مەکرۆن" سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سەرانی یەکێتیی ئەورووپادا لە بروکسێل ئاماژەی کردە ناڕوون بوونی چارەنووسی "جەماڵ خاشووقچی" وتی: لەبەر ئەو ڕەوشەی هاتۆتە ئاراوە سەفەری کاربەدەستانی وڵاتەکەی بۆ عەرەبستانی هەڵپەساردووە.
مەکروون جەختی کرد؛ سەفەری"برۆنۆ لومەر'' وەزیری ئابووریی فەرەنسا بۆ عەرەبستان بە مەبەستی بەشداری لە کۆبوونەوەی "دەسپێشخەریی سەرمایەنانەوەی داهاتوو" کە هەفتەی دیکە لە عەرەبستان بەڕێوە دەچێ، هەڵوەشاوتەوە.
"جەماڵ خاشوقچی" دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ پاش چونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا بێ سەر و شوێن بوو.
مێدیاکان چەن ڕۆژ دواتر ڕاپۆرتیان دا کە خاشووقچی لە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستاندا کوژراوە و دواتر تەرمی گوێزراوەتەوە بۆ دەرەوەی ئەو کۆنسولخانەیە.
کۆمەڵگەی جیهانی، خوازیاری ڕوون کرانەوەی ئەو مەسەلەیە و وەڵامی ڕوون و ئاشکرای ڕیاز لەم بارەوە بووە.
ناوی "جەماڵ خاشووقچی" ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگر لە ڕژێمی سەعوودی، لە لیستی کەسانی پێ و شوێنگیراوی کاربەدەستانی ڕیازدا بوو.