ته‌مووز 26, 2020 07:45 Asia/Tehran
  • له‌هه‌فته‌ی رابردودا له‌ 40 وڵات رێژه‌ی توشبوون به‌کۆرۆنا به‌رزبووه‌ته‌وه‌

ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز رایگه‌یاند: له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا له‌ 40 وڵات ژماره‌ی توشبوون به‌ڤایرۆسی کۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو زیادیکردووه‌، به‌راورد به‌هه‌فته‌ی پێشووتر، حاڵه‌ته‌کانی توشبوون دوو ئه‌وه‌نده‌یه‌.

 

 

له‌ڕاپۆرتێکیدا که‌ شه‌ممه‌ ئاژانسی رۆیته‌رز بڵاویکردۆته‌وه‌، جه‌ختده‌کاته‌وه‌، به‌پێی بڵاوکراوه‌ فه‌ڕمییه‌کان، هه‌فته‌ی رابردوو 37 وڵات ژماره‌ی پێوانه‌ییان له‌ تۆمارکردنی توشبوون به‌ڤایرۆسی کۆرۆنا شکاندووه‌، به‌شێوه‌یه‌ک هه‌فته‌ی پێشتر 20 وڵات ئه‌و ژماره‌ پێوانه‌ییه‌ی شکاندبوو، له‌ هه‌فته‌ی پێشووتردا 13 وڵات بوو.

ئاژانسه‌که‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات، که‌ ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕواننه‌کراوه‌، سه‌رجه‌م ناوچه‌کانی جیهانی گرتۆته‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ ولایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و به‌ڕازیل و هیند(له‌و وڵاتانه‌ن که‌ له‌ڕووی توشبوون به‌ڤایرۆسه‌که‌وه‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌من)، هه‌روه‌ها ئوسترالیا و یابان و هۆنگ کۆنگ و بۆلیفیا و مه‌کسیک و سودان و سوڵتانشینی عومان و ئه‌سیوبیا و بولگاریا و به‌لچیکا و ئۆزبه‌کستان و ئیسڕائیل و کینیا و چه‌ندین وڵاتی دیکه‌.

راپۆرته‌که‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات که‌ له‌زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا، حکومه‌ت رێکاره‌کانی به‌رگرتن له‌په‌تاکه‌ی سووک کردووه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌دۆخی شه‌پۆلی دووه‌می ڤایرۆسه‌که‌دا تێپه‌ڕ ده‌بن.

ئاژانسی رۆیته‌رز له‌زاری شاره‌زایان و لێپرسراوانه‌وه‌ بڵاویکردۆته‌وه‌، ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی توشبوون به‌ڤایرۆسی کۆرۆنا، له‌و ژمارانه‌  زیاتره‌ که‌ به‌ڕه‌سمیی بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌وڵاته‌ هه‌ژاره‌کاندا، که‌ هاووڵاتیان به‌ده‌ست لاوازی سیستمی ته‌ندروستی وڵاته‌کانیان ده‌ناڵێنن، هۆشداریش له‌وه‌ ده‌درێت که‌ به‌هۆی هه‌ڵکشانی ژماره‌ی توشبوون به‌ڤایرۆسه‌که‌، دوای دوو هه‌فته‌ ره‌نگدانه‌وه‌شی له‌سه‌ر تێکڕای حاڵه‌ته‌کانی مردن به‌ په‌تای کۆڤید-19 هه‌بێت.

سەرپەیڤ