ئاماری قوربانییەکانی جەنگی 10 ساڵەی سوریا بە پێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نوێترین ئاماری تایبەت بە قوربانیانی جەنگی 10 ساڵەی سوریای بڵاوکردۆتەوە و ناسنامەی تەواوی کوژراوانیشی دیاریکردون.
بەپێی راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەوماوەیەدا 350 هەزار و 209 کەس کوژراون، جەختیشی کردۆتەوە کە ژمارەی راستەقینەی گیانلەدەستدان بەهۆی جەنگی سوریاوە زۆر لەو ژمارەیە گەورەترە.
لە راپۆرتەکەی نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوەکراوە کە ناوی تەواو و شوێن و کاتی گیان لەدەستدانی هەموو ئەو کەسانەی کە لە مانگی ئازاری ساڵی 2011 وە بۆ مانگی ئازاری ئەمساڵ بەهۆی جەنگی سوریاوە گیانیان لەدەستداوە و توانراوە تۆمار بکرێن، دیکۆمینت کراون.
لەوبارەیەوە، میشیل باشیلیت کۆمسیۆنەری باڵا لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندوە: ئێمە ئەو ژمارەیەی کە خۆی لە 350209 کەسدا دەبینێتەوە، وەک ئامار بڵاودەکەینەوە، لەبەرئەوەی پشتی بە بەڵگە و کاری لێبڕاو بەستووە.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، نابێت وا سەیری ئەو ژمارەیە بکرێت کە هەموو ئەوکەسانەی لەخۆگرتووە کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە شەڕ و ململانێکانی سوریادا کوژراون، بەڵکو ئەوە لانیکەمی ئەو کوژراوانە کە دەتوانرێت لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت، بەدڵنیایی ژمارەی راستەقینەکە زۆر لەوە زیاترە.
باشیلیت باسی لەوەش کردووە کە لە هەر 13 کوژراوی ناو ئامارەکەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە یەک کوژراویان ئافرەتن کە دەکاتە 27727، لەکاتێکدا لە هەر 13 کوژراو یەکێکیان منداڵە و کە دەکاتە 27126 کوژراو.
سەبارەت بەو پارێزگایانەی لەڕووی گیان لەدەستدانەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان وتویەتی : زۆرترین ژمارەی کوژراو لە پارێزگای حەلەب بووە کە 51731 کوژراو بووە، دواتر گوندەواری دیمەشق 47483 کوژراو، ئیدلب 33271 کوژراو، حەما 31993، تەڕتووس 31369 کوژراو.