روسەکان کیەڤیان گەمارۆداوە و سەرۆکی ئوکراینیش دەڵێ پێتەختی بە جێ نەهێشتووە
ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژی هێرشی ڕوسیایە بۆسەر ئۆکرانیا، شەڕ چووەتە ناو کیەڤی پایتەختەوە و چەند شوێنێک کەوتوونەتە دەست هێزەکانی ڕوسیا، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی-ش دەڵێ هەر لە پایتەختی وڵاتەکەی ماوەتەوە .
لە نیوەشەوی ڕابردووەوە پێکدادانەکان لە دەوروبەری کیەڤ چڕتر بوونەوە، لە چەند شوێنێکەوە لە باکووری پایتەختەکە هێزە ڕوسییەکان پێشڕەوییان کردووە، میدیای ڕوسی باس لە کۆنترۆڵکردنی چەند شوێنێک دەکات، لەوانە وێستگەی کارەبای شارەکە.
شەڕ بە ڕاددەیەک کەوتووەتە ناو کیەڤی پایتەختەوە، کە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، دەنگی تەقە لە نزیک بینا حکومییەکانی شارەکە بیستراوە. هێزە ئۆکرانییەکانیش باس لە بەرپەرچدانەوەی چەند هێرشێکی هێزە ڕوسییەکان دەکەن لە ناوچە جیاوازەکانی کیەڤ، کە یەکێک لە بەرپەرچدانەوەکان لە شەقامێکی سەرەکیی پایتەخت بووە.
جگە لە پێشڕەوییە مەیدانییەکان، ڕوسیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی پایتەختی ئۆکرانیا، بەوتەی وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا، پایتەختی ئۆکرانیایان گەمارۆداوە.
جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپیش رایگەیاند کەوتنی کیەڤ ئەگرێکی راستەقینەیە .
ئەم لێدوانەی وتەبێژی کۆشکی سپی لە کاتێکدایە کە ئەمریکا سەرباری هاندانی ئوکراین ، ئێستا کە روسیا هێرشی کردووەتەسەر ئەم وڵاتە ، پشتی بەرداوە و ئامادە نیە بە هانایەوە بچێ .
پێشتر زلینسکی ، سەرۆکی ئوکراینش دانی نا بەوەدا کە رۆژاوا لەو شەڕەدا نەیانوێرا پشتی وڵاتەکەی بگرن و نەهێڵن تووشی ئەو شەڕە بێت.