پێداگریی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاگربڕی خێرا لە غەززە
https://kurdish.sahartv.ir/news/جیهان-i422685-پێداگریی_ناوەندە_نێودەوڵەتییەکان_لەسەر_ئاگربڕی_خێرا_لە_غەززە
چەندین ناوەندی فریاگوزاری و یارمەتیدەر خوازیاری دامەزرانی ئاگربڕی خێرا لە غەززە و نێردرانی خێرای یارمەتییەکان بۆ دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بوون.
(last modified 2026-07-27T11:28:32+00:00 )
تشرینی دووه‌م 07, 2023 15:00 Asia/Tehran

چەندین ناوەندی فریاگوزاری و یارمەتیدەر خوازیاری دامەزرانی ئاگربڕی خێرا لە غەززە و نێردرانی خێرای یارمەتییەکان بۆ دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بوون.

١٨ ئاژانسی فریاگوزاری و یارمەتیدەری سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا تووڕەیی و نیگەرانیی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بە هەژماری زۆری قوربانیانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە.

لە بەیاننامەی بەرپرسانی ئەم ناوەندانەدا لەوان یونیسێف (سنووقی پشتیوانی لە منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان) ، بەرنامەی جیهانیی خۆراک و ڕێکخراوی جیهانیی تەندرووستی هاتووە: لە غەززە، هەموو خەڵکی گەمارۆدراو لە مەترسیی پەلاماردان و بێوەرین لە شت ومەکی پێویست و سەرەتایی بۆ ژیان، دانیشتوانی غەززە لە ماڵەکانیاندا و حەشارگەکاندا، لە نەخۆشخانە و مزگەوتەکاندا بۆردومان دەکرێن و ئەوەش بە  هیچ لەونێ قەبووڵکراو نییە. لەم بەیاننامەیەدا پێداگری کراوە لەسەر پێویستی دابین کرانی هەلی گواستنەوەی خۆراک، ئاو، دەرمان و سووتەمەنی بۆ خەڵکی کەرتی غەززە.

بەرپرسانی ئەم ناوەندە نێودەوڵەتییانە بە پێداگری لەسەر پێویستیی لەبەرچاوگیران و جێبەجێ کرانی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان لە شەڕی غەززەدا وتیان: لەبەر هۆ و هەگەری مرۆیی، دامەزرانی ئاگربڕێکی خێرا تەواو پێویستە، ٣٠ ڕۆژ بە سەر ئەم شەڕەدا تێپەڕیوە و ئیتر دەبێ کۆتایی پێ بهێندرێت."

لە لایەکی دیکەوە  یونیسێف، سنووقی نیشەجێ کردنی ئاوارەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی جیهانیی تەندرووستی و ئاژانسی فریاگوزاریی ئانڕوا ڕایانگەیاندووە کە ٦٧%ی شەهیدانی پەلامارەکانی ئیسراییل بۆ غەززە، منداڵن.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ ڕۆژانە ٤٢٠ منداڵ بە هۆی پەلامارەکانی ئیسراییل بۆ سەر غەززە شەهید بوونە و ژمارێک لەو منداڵانە کۆرپەی ساوا بوونە کە ماوەیەکی زۆر نەبووە پێیان ناوەتە ئەم دونیا و ئەم ڕێژە و ئامارە چرکە بە چرکە و سات بە سات زیاتریش دەبێ. 

هەروەها ڕاپۆرتێری مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە فەلەستینی داگیرکراو، نیگەرانی دەربڕی بەرامبەر بە نالەبار بوونی ڕەوشی تەندرووستی لە کەرتی غەززە.

ئەم ڕاپۆرتێرە وتیشی: ڕەوشی ئێستا بە مانای هەڵوەشانەوەی کەرتی تەندرووستی لە غەززەیە. ئەو هەڵوەشانەوەیش کارەساتی مرۆیی بە دواوە دەبێ کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نالەبارتر دەبێ.

ڕاپۆرتێری مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە فەلەستینی داگیرکراو داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد خێرا بێتە مەیدانەوە بۆ پشتیوانی کردنی هەوڵە مرۆڤدۆستانەکان و گەرەنتی کردنی گەیشتنی یارمەتییە پزشکییەکان بە غەززە.