فارن ئەفرز: ئەمریکا دەبێ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بچێتەدەر
گۆڤاری "فارن ئەفەرز" شەڕ دژی ئێرانی بە کارەساتێکی تەواو و هەمەلایەنە نرخاندو نووسی: تێچووی ٣٥ساڵ دەسوەردانی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژاوای ئاسیا، لەڕادەبەدەر و حاشاهەڵنەگرە؛ تەنیا ڕێکاری بنەڕەتی، چوونەدەری بەتەواوەتی سەربازیی لەو ناوچەیە.
گۆڤاری فارن ئەفەرز لە ڕاپۆرێکدا نووسی: شەڕی دژی ئێران، کارەساتێکی تەواو و هەمەلایەنەیە. ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لانیکەم هەزار و ٧٠٠ کەسی مەدەنیی ئێرانیان کوشتووە و ژێرخانی ناسەربازییان کردووەتە ئامانج. هەروەها داخستنی گەرووی هورمز، نرخی وزەی لە سەرانسەری جیهاندا بەرزکردۆتەوە و فشاری خستۆتە سەر ئابوری جیهانی. ئەم شەڕە دوایین شەڕە لە زنجیرەیەک هەڵەی ستراتیژی کە لە ماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا ئاسایشی ئەمریکای تێکداوە و ڕۆژئاوای ئاسیای ناسەقامگیر کردووە.
فارن ئەفەرز هەروەها دەنووسێ: تێچووی ٣٥ ساڵ دەستێوەردانی سەربازی لە ڕۆژئاوای ئاسیا لەڕادە بەدەر و حاشا هەڵنەگرە. لە ١١ی سیپتەمبەرەوە هەتا ئێستا ئەمەریکا هەشت ترلیۆن دۆلاری خەرجی شەڕەکانی ناوچە کردووە. تا ئێستا زیاتر لە ١٥ هەزار سەرباز و بەڵێندەری ئەمریکی کوژراون و یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەسیش لەکارکەوتوون و کەمئەندام بوون. بەڵام تێچووی مرۆیی بۆ خەڵکی ناوچەکە لەوەش کارەساتبارترە: زیاتر لە ٩٤٠ هەزار کوژرانی ڕاستەوخۆ و ٣.٦ ملیۆن مردنی ناڕاستەوخۆ و ٣٨ ملیۆن ئاوارە. ئەم ژمارانە چیرۆکی ئەو جیلانە دەگێڕنەوە کە دەرفەتی ژیانێکی ئاساییان بەهۆی زریانی شەڕ و پێکدادانە بێکۆتاییەکاندا لەدەست داوە.
گۆڤارەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکا کە هەرچەندە نەیاران باس لە مەترسییەکانی کشانەوەی ئەمریکا دەکەن، بەڵام شەڕی ئێران سەلماندی کە بوونی سەربازی نەک ئازادیی کەشتیوانی و دەریاگەڕیی نەپاراستووە، بەڵکو خۆی هۆکاری داخرانی گەرووی هورمز بووە. بە لەبەرچاوگرتنی ماندووبوونی بیروڕای گشتی لە شەڕە بێکۆتاکان و پێویستی گرنگیدان بە هەڕەشە ڕاستەقینەکان لە ئاسیا و ئەوروپا، کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا دوای ٣٥ ساڵ لە زەلکاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچێتەدەر. بەهێزکردنی دیپلۆماسی و هاوکاری مرۆیی و هاوکاری ئابووری ناوچەیی دەتوانێت جێگەی ئامادەبوونی سەربازی بگرێتەوە و یارمەتیدەر بێ لە سەقامگیری بەردەوامدا.