خۆپیشاندانی دژەزایۆنیی لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان
https://kurdish.sahartv.ir/news/جیهان-i446216-خۆپیشاندانی_دژەزایۆنیی_لە_وڵاتانی_جۆربەجۆری_جیهان
لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان جارێکی دیکە خۆپیشاندانی دژە زایۆنیستی بەڕێوە چوو و خۆپیشاندەران داوایان لە بەرپرسانی وڵاتەکانیان کرد، هەرچەشنە پەیوەندیی لەگەڵ رژیمی زایۆنیستی بپچڕێنن.
(last modified 2026-08-24T12:10:48+00:00 )
ئاب 23, 2026 17:29 Asia/Tehran

لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان جارێکی دیکە خۆپیشاندانی دژە زایۆنیستی بەڕێوە چوو و خۆپیشاندەران داوایان لە بەرپرسانی وڵاتەکانیان کرد، هەرچەشنە پەیوەندیی لەگەڵ رژیمی زایۆنیستی بپچڕێنن.

بەسەدان کەس لە لایەنگرانی فەلەستین لە شاری مەنچستری ئینگلیز بە سازدانی گردبوونەوە، خوازیاری جێبەجێکرانی خێرای ئاگربەس لە کەرتی غەززەو کۆتایی هێنان بە داکۆکیی دەوڵەتی ئینگلیز لە رژیمی زایۆنیستی بوون. لەهەمان کاتدا بەسەدان کەس لە خەڵکی ئینگلیز هەروەها لە بەردەم دادگەی پاشایەتی "پرێستۆن" لە باکووری ئینگلیز کۆبوونەوەو پاڵپشتی خۆیان لە گەلی فەلەستین ڕاگەیاند. هەروەها لە گردبوونەوەیەکی دیکە لەبەردەم باڵوێزخانەی رژیمی زایۆنیستی لە لەندەنیش ناڕازییان بۆ پشتگریی لە فەلەستین و خەڵکی غەززە گردبوونەوەو خوازیاری ڕاگرتنی پەلامارەکان و کۆتایی هاتنی گەمارۆی ئەو ناوچە بوون. بەشداربووانی ئەو گردبوونەوە، بە بەدەستەوەگرتنی پارچەنووسراوە کە لەسەریان دروشمی وەک؛ "دەستهەڵگرن لە برسێتی دان بە غەززە" و 'ژینۆساید بوەستێنن" نووسرابوو، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە راگەیاند.
ناڕازییانی هۆلەندیش بە سازدانی خۆپیشاندانێکی دژە زایۆنیستی لەبەردەم ناوەندی دابەشکردنی کاڵاو کەلوپەلی شارۆچکە زایۆنی نشینەکان، کۆبوونەوەو خوازیاری بچڕانی پەیوەندیی لەگەڵ رژیمی زایۆنیستیدا بوون.
ناڕازییانی هۆلەندی پشتگریی خۆیان لە قەدەغەی هاتنی کاڵای زایۆنیستی بۆ وڵاتەکەیان ڕاگەیاند. هۆلەند یەک لەو چوار وڵاتەی ئەندامی یەکێتی ئوروپایە کە قەدەغەی تیجارەت لەگەڵ شارۆچکە نایاساییە زایۆنییەکان، پەیڕەو دەکا. ئیسپانیا پێشتر ئەو کەلوپەل و کاڵایانەی قەدەغە کردو ئیرلەندو بەلژیکیش یاسای قەدەغەی تیجارەت لەگەڵ رژیمی زایۆنیستیان پەسەند کردووە.
بەسەدان هاووڵاتیی کۆریای باشوریش بە بەرپاکردنی ڕێپێوان لە سیئول، پشتگریی خۆیان لە خەڵکی فەلەستین و منداڵانی غەززە ڕاگەیاند و خوازیاری کۆتایی شەڕ و ژینۆسایدی رژیمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە بوون. بەشداربووانی ئەو ڕێپێوانە بە هەڵگرتنی ئاڵای فەلەستین و بەرزکردنەوەی دروشمی وەک؛ "غەززە بەتەنیا نیە، ژینۆساید بوەستینن"، جەختیان کردەوە لە یەکدەنگیی لەگەڵ گەلی فەلەستین و مافی منداڵانی غەززە بۆ ژیان لە ئاسایش و ئاشتیدا.