ئەتلەنتیک: لەمەودوا، ئێران دەسەڵاتی هێزمەندی رۆژاوای ئاسیایە
گۆڤاری ئەمریکی ئەتلەنتیک لە راپۆرێکدا بەدانپێدانان بە شکستی ئەمریکاو رژیمی زایۆنیستی لە دەسدرێژیی کردنەسەر ئێران نووسی کە لەمەودوا هێزی سەرکەوتوو و هێزمەندی رۆژاوای ئاسیا نە ئەمریکاو نە رژیمی زایۆنیستی، بەڵکوو ئێران دەبێ. ژەنەراڵێکی ئەمریکیش پێی وایە، ئەمریکا بنکەکانی لەکەنداوی فارس لەدەست داوە.
گۆڤاری ئەتلەنتیک لە ڕاپۆرێکدا بەئاماژە بە توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران نووسی: ئەمڕۆکە ئێران لەهەمبەر گورزی پێشکەوتووترین چەکئامێری ئەمریکاو رژیمی زایۆنیستی خۆڕاگریی کردووەو زۆر هێزمەندانەش ڕاوەستاوە. لەمەودوا دەسەڵاتی سەرکەوتوو و بەهێزی ناوچە، ئێران دەبێ نەک ویلایەتە یەکگرتووەکان یان رژیمی زایۆنیستی. وڵاتانی دراوسێ لەئێستادا خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو ڕاستییە تازەن و دەسەڵاتە دورترەکانیش ئەو شێوازە ڕەچاو دەکەن.
ئەتلەنتیک هەروەها دەنووسێ: ئێران پێویستیی بە مامەڵەکردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان نییە. ئەو گریمانە باوە کە ئێرانێکی لاواز و هەژار سەرەنجام دەبێ لەگەڵ دەسەڵاتی ئەمریکا بسازێ، گەرووی هورمز بکاتەوەو بە ئابوورییەکەی رابگا کە خەساری زۆری بەرکەوتووە، گریمانەیەکی هەڵەیە. ئێران چەند مانگە سەلماندوویەتی کۆنترۆڵی گەرووی هورمز، دانوستانی لەسەر ناکرێ.
ئەو گۆڤارە ئەمریکییە هەروەها دەنووسێ: ئێران هیچ ئیمتیازێکی بەئەمریکا نەداوەو بە پێچەوانەوە، خاڵی لاوازی ئەمریکای لە ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە بۆسەر دامەزراوەو پێگەکانی ئەو وڵاتە لەناوچە و کەنداوی فارسدا ئاشکرا کرد.
"بێری مەک کافری" ژەنەراڵی خانەنشینی سوپای ئەمریکاش پێی وایە: ئەمریکا دەسڕاگەیشتن بە پانزە بنکەی خۆی لە کەنداوی فارس لەدەست داوە. ئێران ئێستا کەوتووەتە دۆخێک کە دەتوانێ دەسڕاگەیشتن بەوڵاتانی دەڤەری کەنداوی فارس کۆنترۆڵ بکا.
"ستێفان والت " مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئەمریکاش ڕایگەیاند: ترەمپ بژاردەیەکی لەهەمبەر ئێراندا نیەو قسەی هەڵیت و پەڵیت و پێکەنینی دەکا، شەڕاشۆیی لە رۆژاوای ئاسیا سەرەنجام چوونەدەری ئەمریکای لێ دەکەوێتەوە.