پەیامی پیرۆزبایی ڕۆحانی بە بۆنەی ھەڵبژێردرانی سەرۆک کۆماری تازەی عێراق
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە پەیامێکدا دەنگی متمانەی نوێنەرانی ھەڵبژێردراوی گەلی عێراقی بە بەرھەم ساڵح وەک سەرۆک کۆماری تازەی ئەو وڵاتە پبرۆز کرد.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لەم پەیامەی دا ھیوادارایی دەربڕی : لە سەردەمی سەرۆکایەتیی بەرھەم ساڵح وەک سەرۆک کۆماری عێراق ، پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا لە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی ھەردووک گەلەکەدا زیاتر لە جاران پەرە بستێنێ.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ دەوڵەت و جەماوەری عێراق ھیوای تەندروستی ، سەرکەوتن و سەربەرزی و ئاشتی و پێشکەوتنی بە ئاوات خواست.
پەرلەمانی عێراق شەوی چوار شەممە بەرھەم ئەحمەد ساڵحی پاڵێوراوی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراقی وەکوو سەرۆک کۆماری تازەی ئەم وڵاتە ھەڵبژارد.
لەپاش ڕوخانی ڕژێمی سەددام دیکتاتۆری لەنێو چووی عێراق ، تاقم و کۆتلە سیاسییە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە لە سەر ئەوە ڕێککەوتن کە پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق پشکی کوردەکانی ئەم وڵاتە بێت.
پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە ھەتاکو ئێستا پشکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق بووە.جەلال تاڵەبانی و فۆئاد مەعسوم یەکەم و دووھەم سەرۆک کۆماری عێراق بوونە.