سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ھاوکاری و داکۆکی کردن لە لوینان دەربڕی
سەرۆک وەزیرانی لوبنان داوای لەوڵاتانی هاوڕێ و دۆستانی لوبنان کردووە کە هاوکاریی وڵاتەکەیان بکەن و لە بەرامبەردا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە عێراقییەکان بە ھەموو توانایەکەوە ئامادەی هاوکاری کردنن.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی عێراق، حەسەن دیاب، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، لەوتارێکدا رایگەیاندووە، داوا لەوڵاتانی هاوڕێ و دۆستی لوبنان دەکەین هاوکاری بەیروت بکەن، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی تەقینەوەکەی ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە کوژرانی 50 کەس و برینداربونی زیاتر لە 3 هەزار کەسی راگەیاند.
لای خۆشییەوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق هاوخەمیی خۆی و گەلانی عێراقی بۆ لوبنان دەربڕی و رایگەیاند ئامادەن بۆ پێشکەشکردنی هەمو جۆرە هاوکارییەک بە لوبنانییەکان.
سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاند، لەم کاتە سەختەی کە لوبنانییەکان پێیدا تێپەڕدەبن، شان بەشانی خەڵکی لوبنان دەوەستین بۆ شان دانەبەر ناخۆشییەکان و هیوای زو چاکبونەوەی بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە،«موحەممەد حەلبوسی» سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا لوبنانییەکەی، هاوخەمیی عێراقی بۆ لوبنانییەکان دوپات کردەوە و رایگەیاند، عێراقییەکان بە هەموو دامەزراوە و تواناکانیانەوە هاوکاریی لوبنانییەکان دەکەن.