50 هەزار واژۆ دژی پێشێلکارییەکانی تورکیا ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکرێت
کاوە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند، دژی پێشێلکاری و بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان 50 هەزار واژۆ لە لەشار و شارۆچکەکانی هەرێم کۆ کراوەتەوە و لەرێگەی یاداشتێکەوە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقی دەکەن.
به پێی ھەواڵێکی کورد پرێس ،ڕۆژی دووشەمە 31ی ئابی 2020 کاوە محەمەد لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، ئەمڕۆ لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عیراق، پێشوازیان لەنوێنەرانی هەردو رێکخراوی (ژیاندنەوەی گەنجان، ژنانی گەنجی تێکۆشەر) کردووە کە دژی پێشێلکاری و بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق 50 هەزار واژۆیان لەشار و شارۆچکەکانی هەرێم کردووەتەوە و داوایان کرد کە یاداشت و واژۆکان بگەیەننە پەرلەمان.
کاوە محەمەد راشیگەیاندووە، رەهەندەکانی ئەو دەستدرێژی و بۆردومانانەی تورکیا و هەوڵەکانی پێشوویان لەگەڵ ئێستا بۆ رێگەگرتن لە تورکیا حکوومەتی عێراقەوە روون کردووەتەوە و بەڵێنیشیان داوە، لەسەر ئەو هەنگاوانە بەردەوام دەبن.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان داوای دانیشتێکی تایبەتی بۆ گفتوگۆکردنی ئەو پرسە نیشتیمانی و جدیە دەکەن، تا بڕیارێکی لەبارەوە بدرێت و حکوومەتی عیراق هەڵوێست و هەنگاوی راشکاوانەتر و توندتری هەبێت بۆ پاراستنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کورستان.
لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی بۆردومانەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاشکرای کردووە، کاردەکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییانی زەرەرمەند لەو بۆردومانانە کە شایستە بێت بەقوربانیدانەکانیان.
لەناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵەوە، تورکیا بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی بەچڕی دەست پێکردووە و لەچەند ناوچەیێکیش ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای تورکیا ڕووی داوە.