پشتیوانی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەوڵەکانی کازمی لە ئاراستەی بەرەڕووبوونەوەی گەندەڵی
نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیران و «محەمەد حەلبوسی» سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبونەتەوە و حەلبوسی پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی کازمی لەمەڕ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی ڕاگەیاندووە.
بە پێی ڕاگەیاندنی نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ، ڕۆژی پێنجشەممە «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیران و «محەمەد حەلبوسی» سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەیەک دا دوایین کێشەو گرفتەکانی بەردەم عێراق و رێگاکانی تێپەڕاندنی قەیرانەکانیان تاوتوێ کرد.
لەکۆبونەوەکەدا جەخت لە بەردەوامیی یەکخستنەوەی کارەکانی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان و هاواهەنگیی زیاتر لە کارەکانیان کراوەو سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش پشتیوانیی پەرلەمانی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق لە روبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەربڕیوە.
٢٣ی ئەم مانگەش، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە وتارێکدا کە بەشێوەی ئۆنلاین لە کۆبونەوەکانی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتوەکان پێشکەشی کرد، رایگەیاند: ئێستا و بەر لەسەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، عێراق گیرۆدەی مەترسییەکی کوشندەتر بووە، ئەویش پەتای گەندەڵییە کە مەترسییەکانی بۆ سەر جیهان لە مەترسیی کۆرۆنا کەمتر نییە.