سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ڕێکخراوەی حەشدی شەعبی کۆ بوونەوە
«بەرھەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق و «فاڵح فەیاز» سەرۆکی ڕێکخراوەی حەشدی شەعبی لە کۆبوونەوەیەک دا جەختیان کردەوە لە بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەکان بۆ رێگریکردن لەو کارانەی لە دەرەوەی یاسا ئەنجام دەدرێن .
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراقەوە ، ڕۆژی چوارشەممە «بەرھەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی سەلامی بەغدا لەگەڵ «فاڵح فەیاز» سەرۆکی ڕێکخراوەی حەشدی شەعبی کۆبووەوە و بە ھەردووکیانەوە جەختیان کرد لە سەر بەهێزکرانی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەکان بۆ رێگریکردن لەو کارانەی لە دەرەوەی یاسا ئەنجام دەدرێن.
لەمیانی دیدارەکەدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی وڵات و پێویستی بەهێزکردنی ئاسایش و ئارامی و نەهێشتنی چەک لە دەرەوەی یاسا و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی گشتی پێداگری کرا.
هەروەها جەختیش کرایەوە لە پارێزگاری کردن لە ئاسایش و ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان و دامەزراو و باڵەخانە حکومییەکان و نێردە دیبلۆماسیەکان لەو دەستدرێژیانەی کە سەرەوەری و سەقامگیریی وڵات دەکەنە ئامانج.
هەر لەو دیدارەدا باسی گرینگایەتیی درێژەدان بە هەوڵە ئاسایشتییەکانیش کرا بە مەبەستی بەگژداچونەوەی تیرۆرو خاشەبڕ کردنی بەرماوەکانی تاقمی تیرۆریستی داعش.