خۆپیشاندەرانی ناسریە کاندیدەکەی کازمی بۆ جێگرهوهی پارێزگاریان رەتکردەوە
خۆپیشاندەرانی ناسریە رایانگەیاند، دەستنیشانکردنی عەبدولغەنی ئەسەدی، وەک پارێزگار نوێی زیقار رەتدەکەنەوە و جەختیش دەکەنەوە ھێورکردنەوەی رەوشەکە و سەقامگیری ئەمنیی زیقار تەنھا بە لابردنی گەندەڵکاران بەدیدێت.
بە پێی هەواڵێکی میدیای خەندان ، خۆپیشاندەرانی ناسرییە راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "لە میانی روداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگاکەمان 8 (ھەشت) کەس کوژراون و 150 (سهد وپهنجا) کەسی دیکەیش برینداربوون، کە ئەوەش دەچێتە پاڵ کۆمەڵکوژییەکانی دیکەی لایهنه دەسەڵاتدارەکان و ھێزە سەرکوتکارەکانیان".
لە راگەیەنراوەکەدا ھاتوە، لەکاتێکدا دەستنیشانکردنی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عەبدولغەنی ئەسەدی وەک پارێزگار نوێی زیقار رەتدەکەنەوە، "داوا دەکەین کەسێکی لێھاتووی نیشتمانپەروەر و سەربەخۆ لە رۆڵەی شاری ناسرییە وەک پارێزگاری نوێی زیقار دەستنیشان بکرێت".
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بڵاویکردبوهوه، "لە میانی پێنج رۆژی خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە 5 (پێنج ) خۆپیشاندەر کوژراون و 247 (دوسهد و چل وحهوت) کەسی دیکە برینداربوون کە 147 (سهد و چل وحهوت)یان کارمەندی ئەمنیین.
ھاوکات لەژێر فشاری خۆپیشاندانەکاندا، نازم وائیلی، پارێزگاری زیقار دەستی لەکارکێشایەوە و مستهفا کازمی، سهرۆک وهزیرانی عێراق عەبدولغەنی ئەسەدی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی وەک پارێزگار بە وەکالەت دەستنیشانکرد.