ئادار 13, 2021 09:04 Asia/Tehran
  •  کوشتنی 7 کەس لە تکریت کاردانەوەی بەرفراوانی لێدەکەوێتەوە

ئەمڕۆ هەینی 12ی ئازار، لە گوندی ئەلبو دور لە باشووری شاری تکریت-ی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین، حەوت کەس کوژران کە شەش کەسیان ئەندامی یەک خێزان بوون.

ڕوداوەکە کاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە و شەپۆلێکی ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە و بەشێک لە لایەنە سونییەکان بە تاوانی پلان بۆداڕێژراو و سیاسی پێناسەی دەکەن.

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق دەڵێت، “تاوانەکەی ئەلبو دور بەبێ لێپێچینەوە تێدەپەڕێت و لایەنی بەرپرس لە دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکە سزانادرێت، بەڵکو تەنها بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو و یاداشت و سەرەخۆشیکردن کۆتایی پێدەهێنرێت.”

هاوپەیمانیی هێزەکان کە یەکێکە لە سەرەکیترین هێزە سونییەکانی عێراق، داوا دەکات پێداچوونەوە بکرێت بە پلانە ئەمنییەکاندا و پەرلەمان لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەکان پێکبهێنێت.

هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕایانگەیاندووە، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 12ی ئازار، چەند کەسێک کە جلی سەربازییان پۆشیبوو بە چەکی بێدەنگەوە چوونەتە سەر دوو ماڵ لە ناوچەی ئەلبو دور و حەوت کەسیان کوشتووە کە شەش کەسیان ئەندامی یەک خێزان بوون و پێکهاتبوون لە چوار برای کاسبکار و دایکیان و خوشکێکیان.”

رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئەو تاوانکاریەی گرتووەتە ئەستۆ . 

سەرپەیڤ