داعش لە چەند ناوچەیەک هێرشی کردە سەر هێزە عێراقییەکان
شەوی ڕابردوو چەکدارانی داعش لە سێ ناوچەی جیاواز هێرشیان بۆسەر هێزە عێراقییە جیاوازەکان ئەنجامدا.
بەپێی میدیا عێراقییەکان، کاتژمێر 12:00ی شەوی ڕابردوو ژمارەیەک لە پاشماوەی چەکدارانی داعش هێرشێکیان بۆسەر ھێزەکانی لیوای 18ی پۆلیسی فیدڕاڵی لە گوندی تەلستیح-ی ناحیەی ڕەشاد سەر بە قەزای حەویجە ئەنجامدا.
بەهۆی هێرشەکەوە سیانزە پۆلیسی فیدڕاڵی کوژران و شەشی دیکە برینداربوون، بەشێک لەو قوربانییانە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەوە بووە، کاتێک بەهانای هێزەکەوە چوون.
هەر شەوی ڕابردوو لە سنووری ناحیەی ئینگجە لەسەر ڕێگای خورماتوو-تکریت، چەکدارانی داعش هێرشێکیان بۆسەر هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەنجامدا.
دەگوترێ لەنێو هێزەکەی حەشددا بریندار هەن.
لەلایەکی ترەوە کاتژمێر 02:00ی شەوی ڕابردوو چەکدارانی داعش لە گوندی قوچە سپیلکەی سەر بە ناحیەی قەراج هێرشیان کردەسەر ڕەبیەیەکی فەوجی سێی لیوای پەنجای سوپای عێراق.
لە ئەنجامی شەڕەکەدا کە ماوەی کاتژمێرێکی خایاند سێ سەرباز کوژرا و دووی دیکە برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە و هەمەرێکی سەربازیش تێکشکا.
زیانەکانی داعش-یش بە دوو کوژراو و بریندارێک زاندراوە.