ئه‌یلوول 16, 2021 09:58 Asia/Tehran
  • سه‌رۆک کۆماری عێراق پێشوازیی کرد لە سکرتێری گشتیی کۆمکاری عه‌ره‌ب و شاندەکەی ھاوڕێی

«به‌رهه‌م ساڵح» سه‌رۆک کۆماری عێراق، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، له‌میانی پێشوازیکردنی له‌ سکرتێری گشتیی کۆمکاری عه‌ره‌ب و شاندەکەی ھاوڕێی رایگه‌یاند: به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و گێڕانه‌وه‌ی پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌کان هه‌نگاوێکی گرنگه‌ به‌ئاڕاسته‌ی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆر و توند‌ڕه‌وی،

بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ھەواڵدەرییەکانی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە «به‌رهه‌م ساڵح» سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ کۆشکی به‌غدا پێشوازیی کرد له‌ «ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یس» سکرتێری گشتیی کۆمکاری عه‌ره‌ب و وه‌زیرانی داد و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نه‌کانی دادوه‌ری عه‌ره‌بی و نوێنه‌ری رێکخراوه‌کان و چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی یاسایی به‌شدار له‌کۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ "گێرانه‌وه‌ی پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌کان" له‌ به‌غداو پێکەوە کۆبوونەوە.

له‌ سه‌ره‌تای کۆبوونەوەکەدا، سه‌رۆک کۆماری عێراق به‌ گه‌رمی به‌خێرهاتنی میوانه‌کانی کۆنگره‌کەی کرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: عێراق روه‌و دۆخێکی باشتر هه‌نگاو ده‌نێت و ئەو پێگه‌ گرنگه‌ی خۆی له‌ ناوچه‌که‌دا به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه‌، که‌ ساڵانێکه‌‌ به‌ هۆی جه‌نگ و ململانێی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ له‌سه‌ر خاکه‌که‌ی له‌ ده‌ستی دابوو.

«به‌رهه‌م ساڵح» هه‌ر له‌میانی دیداره‌که‌دا به‌گرنگییه‌وه‌ باسی  کۆنگره‌ی گێڕانه‌وه‌ی پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌کانی کرد‌ و وتی: گه‌نده‌ڵی‌ گرفته‌ گه‌وه‌ره‌که‌ی عێراق و زۆرێک له‌ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌یه‌ که‌ سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی ئیفلیج کردووه‌، گه‌نده‌ڵیش ئابوری ، سیاسی، تیرۆر و توندڕه‌وییه‌ و داعش و زۆرێک له‌ رێکخراوه‌ تیرۆریستییه‌کانی دیکه‌ تا راده‌یه‌کی زۆر له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیاندا پشتیان به‌ پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌کانی گه‌نده‌ڵی به‌ستووه.‌‌ 

وتیشی: له‌ پێناو گێرانه‌وه‌ی پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌کان سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار پڕۆژه‌یاسایه‌کی خستۆته‌ڕوو که‌ میکانیزمی توندی پێشوه‌خته‌ی له‌خۆگرتووه‌ و دواتریش هه‌نگاوی دیکه‌ی به‌دوادا دێن بۆ گێڕانه‌وه‌ی پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌کان، ئه‌مه‌ش پشت ئه‌ستوره‌ به‌ میکانیزمی واژۆکردنی رێککه‌وتننامه‌کان له‌ نێوان وڵاتان و بره‌ودان به‌ هاریکاری له‌گه‌ڵ رێکخراو و لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و سودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونه‌ جیهانییه‌ سه‌رکه‌وتوه‌کان له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی.

«به‌رهه‌م ساڵح» سه‌رۆک کۆماری عێراقله‌ کۆتایی دانیشتنەکەدا ئه‌وه‌شی دووپات کرده‌وه‌ که‌، زۆر پێویسته‌ سازان و چوارچێوه‌ی کاری عه‌ره‌بی و هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌بن له‌ پێناو به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی دیارده‌ی مه‌ترسیداری گه‌نده‌ڵی، هیوای ئه‌وه‌شی خواست که‌ کۆنگره‌ی به‌غدا بۆ گێڕانه‌وه‌ی پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌کان ده‌رئه‌نجامی کرده‌یی و په‌سه‌ندکردنی میکانیزمی یاسایی گونجاوی لێ بکه‌وێته‌وه‌ و بچێتە واری جێبه‌جێ‌ کردنەوە.

سەرپەیڤ