«بەرھەم ساڵح» فەرمانی بەرپاکرانی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی تازەی عێراقی دەرکرد
سەرۆک کۆماری عێراق بە دەرکردنی فەرمانێک وادەی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی تازەی وڵاتی دیاری کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی فۆرات نیوز، «بەرھەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە بە دەرکردنی فەرمانێک داوای لە نوێنەرانی تازەی پەرلەمانی کرد ھەتا یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان دە ڕۆژی دیکە واتە لە بەرواری نۆھەمی ژانویەی ٢٠٢٢ بەڕێوە ببەن.
لە فەرمانەکەی سەرۆک کۆماری عێراق دا ھاتووە: بەگوێرەی مادەی ٥٤ و ٧٣ـی دەستوری عێراق و دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، داوا دەکرێت خولی نوێی پەرلەمان رۆژی یەکشەممە (٢٠٢٢/٠١/٠٩) بەسەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات.
سەرۆک کۆماری عێراق دوابەدوای دەرکردنی ئەو فەرمانە پەیامێکیشی لە توییتێردا بڵاو کردووەتەوەو ڕایگەیاندووە: ھیوادارم ئەم ھەنگاوە ببێتەمایەی پێکھێنانی حکومەتێکی کارای کاریگەر بە ئاڕاستەی ھێنانەدیی مافە نیشتمانییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات و خزمەتکردنی خەڵک، بەرەو چاکسازی ریشەیی و عێراقێکی ئارامی خۆشگوزەران.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لەبارەی ناوی ئەو کاندیدە دەرچوەی سەرۆکایەتی یەکەم کۆبونەوەی پەرلەمان دەکات نامەیەکی ئاڕاستەی ئەمینداریەتی پەرلەمان کردووەو رایگەیاندووە، «مەحمود مەشهەدانی» بەتەمەنترین پەرلەمانتارە و سەرۆکایەتی یەکەمین کۆبونەوەی پەرلەمان دەکات.