هەسەدە ٥٠ چەکداری داعشی رادەستی ھێزەکانی عێراق کرد
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاندووە: هێزەکانی سووریای دیموکرات ٥٠ چەکداری بە ڕەگەز عێراقیی تیرۆریستانی داعشی رادەستی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق کردووەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەەوە لە میدیاکانی عێراق، دوێنێ چوارشەممە شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات «هەسەدە»ی کردو پێی داگرت: لەڕێگەی لێکتێگەییشتن و رێککەوتنی هاوبەش و لەچوارچێوەی پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ٥٠ چەکداری داعشی لە هەسەدە وەرگرت.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو چەکدارانە لە دەروازەی سنووری «تەلکۆچەر» رادەستکراونەتەوەو، دواتر رەوانەی هەواڵگریی عێراق دەکرێن، پاشان وەزارەتی ناوخۆ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکات و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەدوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ دا هێزەکانی سووریای دیموکرات دوایین پێگەی داعشیان لە بەری رۆژهەڵاتی فورات کە باغۆز بوو، کۆنتڕۆڵکرد، هەزاران ژن و منداڵی داعشیان لە چەند کەمپێکدا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان کۆکردەوە، کە دیارترینیان کەمپی هۆل و رۆژن.