شوبات 08, 2023 19:04 Asia/Tehran
  • هاوسۆزی دەربڕینی ئایەتوڵڵا سیستانی و ئایەتوڵڵا مودەڕیسی لەگەڵ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیاو سوریا

نووسینگەی ئایەتوڵڵا سیستانی و ئایەتوڵڵا مودەڕیسی هاوسۆزی خۆیان بۆ لێقەوماوانی دەستی بوومەلەرزە لە سوریاو تورکیا دەربڕی و داوای خێراتر بوونی ڕەوتی هاوکارییەکان بۆ لێقەوماوانیان کرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، نووسینگەی «ئایەتوڵڵا سیستانی» لە نەجەفی پیرۆز سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: مەرجەعییەتی باڵای ئایینی لە نەجەفی پیرۆز ھاوپشتی و هاوسۆزیی خۆی بۆ ئەو کەسانە دەردەبڕێت کە لە کارەساتی بوومەلەرزە گەورەکەی تورکیاو سوریا کۆستیان کەوتووەو خودا داوای سەبر و ئارامییان بۆ دەکات و شیفا و تەندروستی بۆ بریندارو زەبروێکەوتووانیش دەخوازێت.

لەبەیاننامەکەی مەرجەعییەتی باڵای شیعەکان دا ئاواتی ئەوە خوازراوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسانی خێرومەند ھەوڵی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی لێقەوماوان بدەن لە زووترین کاتدا.

Image Caption

هەر لەم پێوەندییەدا «ئایەتوڵڵا محەمەد تەقی مودەڕیسی» لە مەرجەعەکانی ئایینی شێعەکانی عێراقیش لە بەیاننامەیەکدا داوای هاوکاریی موسڵمانان و باوەڕداران بۆ گەلانی بوومەلەرزەلێدراوی سوریاو تورکیای کرد و جەختی لەوەش کردەوە کە: ئەوەی ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمانە هاوکاری و کردەوەی هاوبەشە بۆ بنیاتنانەوەو ئاوەدانکردنەوەی ئەو شتانەی کە بەهۆی بوومەلەرزە گەورەکەی ئەم دواییەوە لەنێو براون.

شیاوی باسە بەپێی دوایین ئامارەکان ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی سوریا گەیشتووەتە دوو هەزار و ٣٧٠ کوژراو و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە دوو هەزار و ٥٥٤ کەس.

دەسەڵاتدارانی تورکیاش ھەڵکشانی ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزە لەم وڵاتەیان بۆ پێنج هەزار و ٨٩٤ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش بۆ ٣٤ هەزار و ٨١٠ کەس ڕاگەیاندووە.

سەرپەیڤ