ته‌مووز 30, 2023 16:45 Asia/Tehran
  • كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق وادەی تۆماركردنی درێژ كردەوە

ئەمڕۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق درێژكردنەوەی ماوەی تۆماركردنی هاوپەیمانییەكانی بۆ ٦ـی مانگی ئاب درێژكردەوە، هاوكات ئاماژە بەوەشكراوە ئەم وادەیە دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی ناوی لیست و هاوپەیمانییەكان.

دوای ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ٩ـی تەمموزەوە دەرگای تۆماركردنی بۆ لیست و هاوپەیمانیی و لایەنە سیاسییەكان كردەوە، ئەمڕۆ كۆتا ڕۆژی وەرگرتن و تۆماركردن بوو، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەمیدیا ناوخۆییەكانی ڕاگەیاند،  ئەنجوومەنی كۆمسیاران بڕیاریدا ماوەی تۆماركردنی هاوپەیمانییە سیاسییەكان تا ٦ـی ئاب درێژبكرێتەوە، كە دەكاتە یەكشەممەی داهاتوو.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەم درێژكردنەوەیە كۆتاییە بۆ ئەوەی بوارێكی فراوانتر بۆ بەشداریكردنی لایەنە سیاسییەكان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا هەبێت.

ڕوونیشی كردەوە، بەهۆی زۆری ژمارەی داواكارییەكان بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانییەكان، دەستەی كۆمسیاران كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاریی ئەنجامدا و بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی تۆماركردنی دا.

لە كۆتایشدا وتی، درێژكردنەوەی ماوەی تۆماركردنی ناوی لیست و هاوپەیمانێتییەکان، كاریگەری لەسەر بەرواری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا نابێت.

حكومەتی عێراق ١٨ـی كانوونی یەكەمی ئەمساڵی، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری كردووە، هەروەها پاڵپشتی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش دووپات كردووەتەوە، بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی و دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە و بێلایەنانە.

 

 

 

سەرپەیڤ