رکابەریی پێکهاتەکانی کەرکووک لەسەر ١٣ کورسیی ئەو پارێزگایە لە پەرلەمانی عێراق
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق لە ١١ی نۆڤمبەر، ڕکابەریی پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، تورکمان و کریستیان لەسەر ١٣ کورسیی پارێزگای کەرکووک، چڕتر بووەتەوە.
لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، کوردەکان حەوت، عەرەبەکان سێ و تورکمانەکان دوو کورسیی و کریستیانەکانیش یەک کورسیی کۆتای خۆیان دەس خست. لەنێو پارت و لایەنەکان لە کەرکووک، دۆخی یەکێتی نیشتمانی لەبەر ئەوەی کە پارێزگاری ئەو پارێزگایە سەر بە یەکێتییە، بەهێزتر لە لایەنەکانی دیکە دێتەبەرچاو. ناکۆکییە ناوخۆییەکانی لقی کەرکووکی پارتی وەک هۆکاری لاوازیی دۆخی پارتی راگەیێندراوە. هەروەها وتاردانی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی کەرکووک دژی یەکتری، یەک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو خولەی هەڵبژاردنەکانە. لەنێو عەرەبەکان، چەند دەستەیی لەنێوان لیستەکانی تەقەددوم، هاوپەیمانیی عەرەبی، عەزم و حەسم بووەتەهۆی پرژوبڵاوبوونی دەنگەکان، بەڵام تورکمانەکان بە یەکڕیزیی زیاتر و تەنیا لە چوارچێوەی دوو لیستدا بەشداری هەڵبژاردنەکان دەبن. لە کەرکووک ٩٥٨ هەزار کەس خاوەن مەرجی دەنگدانن بۆیە هەردەم ناوەندی ڕکابەریی و تەنانەت گرژیی نێوان پێکهاتەکان بووە.