قەیس خەزعەلی: کەرکوک عێراقییە؛ بانگەشەی تر پڕوپاگەندەن
ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە کەرکووک “پارێزگایەکی عێراقییە” و هێڵی سووری بەغدا دێتەئەژمار، پێیشیداگرت هەر قسەیەکی تر لەم بارەوە تەنها بۆ لەبەر هەڵبژاردن و دەنگهێنانە.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق جەختی کرد: “کەرکوک پارێزگایەکی عێراقییە و ئەم پرسە بە هێڵێکی سوور داخراوە و ئەم پارێزگایە هی هەموو خەڵکی عێراقە و پێویستە هەموو لایەک دڵنیابن لەم بابەتە و بزانن کە ئەم مەسەلە هێڵی سووری ئێمەیە و ئەم دۆسیەیەمان داخستووە، بۆیە هەر لێدوانێک بە پێچەوانەوە بدرێت ئێستا تەنها پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە و لەپێناو دەنگهێناندایە”. لێدوانەکەی خەزعەلی وەڵامێکە بە قسەکانی ئەمدواییەی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێم، کە لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردندا، کەرکوکی بە پارێزگایەکی کوردستانی ناوبردبوو.