شوبات 13, 2026 18:39 Asia/Tehran
  •  گواستنەوەی ٤٥٠٠ داعشی لە زیندانەکانی سوریاوە بۆ عێراق

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی سوپای عێراق ڕایگەیاند، چوار هەزار و ٥٠٠ تیرۆریستی داعشی لە زیندانەکانی سوریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە.

“سەباح نوعمان” وتەبێژی فەرماندەی سوپای عێراق، وتی: داوامان لە حکومەتە بیانییەکان کردووە شاروومەندانی خۆیان لە نێو تیرۆریستان بێننە دەرەوە و بیانبەنەوە، بەڵام وەڵامدانەوەیان لاواز بووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، گواستنەوەی ئەندامانی داعش بەپێی حیساباتی ورد و ڕێک ئەنجامدراوە و جێگیرکردنیان لە زیندانەکانی عێراق بەبێ هیچ کێشەیەک ئەنجامدراوە.

بەگوێرەی ئەو هەواڵە، بڕیارە بە گشتی حەوت هەزار ئەندامی داعش لە سوریاوە بگوازرێنەوە بۆ عێراق. لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٢٤٥ کەسیان سووریین و تەنیا  ٢٧١ کەسیان عێراقین.

 ڕێکخراوە مرۆییەکانیش ڕایانگەیاندووە کە زۆربەی بنەماڵەی ئەندامانی  بیانیی داعش دوای کشانەوەی هێزەکانی (هەسەدە) کەمپی هۆلیان لە پارێزگای حەسەکە بەجێهێشتووە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تر، تەنها ٢٠ خێزان لە بەشی تایبەت بۆ بیانییەکان ماونەتەوە، کە لەژێر ڕێوشوێنی ئەمنی تونددا بووە و ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵی خەڵکی ڕووسیا، قەفقاز و ئاسیای ناوەڕاستی تێدابووە.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، بەشێکی زۆری تیرۆریستانی داعش لە زیندانەکانی باکووری سووریا بە قاچاخی گوێزراونەتەوە بۆ ئیدلب و پارێزگاکانی دیکەی ئەم وڵات.

 

سەرپەیڤ