ئه‌یلوول 12, 2016 13:24 Asia/Tehran
  • خەڵات لەپێناو

دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی سنەو مەهاباد لە ئاستی ئێراندا خەڵات و پەیکەری تایبەت بە هەوڵدان لەپێناو پاراستنی ئاژەڵانیان پێ بەخشرا.

بەپێی هەواڵ و ڕاپۆرتی ماڵپەڕە خۆجێیەکانی پارێزگەی کوردستان، لە پێنجەمین ساڵی یادکردنەوەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەدژی ئاژەڵان، خەڵات و پەیکەری تایبەت بەخشرایە ئازاد عەباسی نوێنەری ڕێکخراوی "ژینگەی یار" لە سنە و پەخسان قەلەندەری هەڵسووڕاو و پارێزەری مافی ئاژەڵان لە شاری مەهاباد، خەڵات و پەیکەری "ورچی قاوەیی"یان پێ بەخشرا.

جیا لەو خەڵاتە ئەو کچ و کوڕە گەنجە کوردە، لەلایەن مەعسوومە ئیبتکار، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێرانەوە خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێ بەخشرا.

هەڵبژێردراوانی ئەمساڵ لەلایەن ناوەندی چاودێری نیودەوڵەتیی مافی ئاژەڵانەوە خەڵات کراون.

ماوەی یەک دەیە زیاترە پرسی ژینگەپارێزی و پاراستنی ئاژەڵان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە چوارچێوەی ڕێکخراو و دامەزراوە خەڵکی و ناحکوومییەکان و بە شێوەی خۆڕسک و هاوبەش و تاکەکەسی بووەتە کولتوورێکی جوان و بە دەیان ڕێکخراوی ژینگەیی سەرقاڵی چالاکین و لەپێناو پاراستنی ژینگەی کوردستاندا خۆیان ماندوو دەکەن و خەریکی وشیاریی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتین و ئەمەش سەرنجی هەموو لایەکی ڕاکێشاوە.