حوزه‌یران 04, 2018 10:25 Asia/Tehran
  • زەبرێک کە بووە هۆی بێبەش بوونی خەڵک لە بوونی قورئانی ناتیق

بە بۆنەی ساڵەهاتی زەبر وێککەوتنی حەزرەتی ئیمام عەلی (ع) لە میحراوی مزگەوتی کووفە

ئەو شەوە نوێژ و دۆعا و نزای عەلی (ع) لەگەڵ شەوەکانی دیکەدا جیاوازی بوو، دەیفەرموو: « اللّهُمَّ بَارِکْ لِیَ الْمَوْتَ»، خودایا مردنم لێ موبارەک بکە.
ئەمیری بڕواداران حەزرەتی عەلی (ع) لە ڕەمەزانی ئەو ساڵەدا بەردەوام باسی شەهید بوونی خۆی دەکرد، تەنانەت لە یەکێک لە ڕۆژەکانی ناوەڕاستی ئەو مانگەدا، کاتێ کە لەسەر مینبەرەوە بوو، دەستێکی بەسەر ڕدێنەکانی هێنا وفەرموو: " دڵڕەقترینی خەڵک ئەم ڕدێنانەم بە خوێنی سەرم سوور دەکات."

ئەو حەزرەتە لە دوا ڕۆژەکانی ژیانیدا، هەموو شەوێک سەردانی ماڵی یەکێک لە منداڵەکانی دەکرد، شەوێک دەچووە لای حەسەن (ع) و شەوێک لای حسین (ع)ی کوڕی و شەوێکی تریش سەردانی عەبدوڵڵا ی کوڕی جەعفەر مێردەکەی حەزرەتی زەینەبی دەکرد و لەماڵی ئەوندا بەربانگی دەکردەوە بەڵام سێ پاروو زیاتر نانی نەدەخوارد، یەکێک لە منداڵەکانی سەبارەت بەو کەم خواردنەی پرسیاری لێ کرد، ئیمام وڵامی دایەوە" ئەمر و فەرمانی خودا دێت و من دەمەوێ زگم بەتاڵ بێ، شەوێک یان دووشەو زیاتری نەماوە"! لە شەوی زەربەت خواردنەکەیدا، بۆ بەربانگ میوانی ماڵی ئۆمە کۆلسوومی کچی بوو.

لە کاتی بەربانگدا سێ پاروو نانی خوارد و دواتر دەستی کردە عیبادەت و پاڕانەوە و هەر لە ئێوارەوە تاکوو بەیان تووشی دڵەخورپە بوو. جاروبار چاوی لە ئاسمان دەکرد و سەیری جموجوڵی ئەستێرەکانی دەکرد. هەر چەندە بە هەڵاتنی هەتاو نزیکتر دەبووەوە، دڵەخورپەی ئەو حەزرەتە زیاتر دەبوو و دەیفەرموو: "سوێند بە خودا، نەک من درۆ دەکەم و نەک ئەو کەسەی وا ئاگاداری کردمەوە. ئەمشەو هەر ئەو شەوەیە وا مزگێنی شەهید بوونیان پێ داوم."

هەندێ جار بە چرپەوە ئیستیغفاری دەکرد و بڕێ جاریش سووڕەتی یاسینی دەخوێندەوە. ئەو شەوە نوێژ و دۆعا و نزا و پاڕانەوەکەی حەزرەتی عەلی لەگەڵ شەوەکانی دیکەدا جیاواز بوو، دەیفەرموو: " « اللّهُمَّ بَارِکْ لِیَ الْمَوْتَ»، "خودایا مردنم لێ موبارەک بکە."

ئەنجام ئەو شەوە درێژخایەنە کۆتایی پێهات و عەلی (ع) لە تاریکایی بەرەبەیاندا، بۆ نوێژی بەیانی بەرەو مزگەوت وەڕێ کەوت . ئەو مراوییانەی وا لەماڵەکەیدا بوون، بەدوایدا چوون  و خۆیان لە جلەکانی ئەو حەزرەتە هەڵدەواسی کە گوایە پێش بە ڕۆیشتنی بگرن.

مزگەوتی کووفە، ئەو شەوە دوا نزا و نوێژی مەولا و ئەمیری بڕوادارانی بەخۆیەوە دیت. عەلی (ع) بۆ نوێژی نافلە وەستاوە، بەڵام ئەم نوێژە حاڵ و هەوایێکی دیکەی هەیە، ڕەنگ و بۆن و بەرامەیێکی دیکەی بە خۆیەوە گرتووە. کاتی دیاریکراو گەیشت. ئیبنی مولجەمی مورادی، چارەڕەشترینی خەڵک، لەو حەزرەتە نزیک بووەوە و شمشێرە ژارئاوییەکەی خۆی لە سەری موبارەکی ئەو حەزرەتە دا. زەبرێک کە لە جێگای برینەکەی عەمری کوڕی عەبدود درا و تا تەوێڵی موبارەکیشی هات. ئەو زەبرە ئایینی لە بوونی حەزرەتی عەلی بێوەری کرد. مرۆڤایەتی نوقمی خەم و پەژارەی نەبوونی ڕێبەرێکی گەورە کرد.

عەلی (ع) ئیدی خۆی بە ئازاد دەدیت و گەیشتبووە سەروبەندی ویسال. ئیدی ڕزگار دەبوو لەو هەموو ئازار و فێڵانەی وا ناپیاوان دەرحەق بە ئەویان دەکرد. بەڵێ، ئەو وادە و مزگێنییەی وا پێی درابوو، ئێستا دەستەبەر ببوو، پاش زەبرەکە، سەری هەڵێنا و لەحاڵێکدا چاوی لە ئاسمان بڕیبوو هاواری کرد: بِسْمِ اللّهِ وَبِاْاللّهِ وَ عَلَی مِلَّةِ رَسُولِ اللّهِ فُزتُ و رَبِّ الْکَعْبَة؛ سوێند بە پەروەردگاری کەعبە کە ڕزگار بووم."

 

سەرپەیڤ