مانگی جیهانیی تۆپی پێ دەست پێبوو
بیست و یەکەمین خولی مۆندیاڵی جیهانیی تۆپی پێ تا چەن کاژێری دیکە دەست پێ دەبێ.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا؛ گەورەترین جەژنی فوتباڵی تا چەن کاژێری دیکە دەست پێ دەبێ.
موندیاڵی ڕووسیا تەنیا هی ئەو ٣٢ وڵاتە نییە تێیدا بەشدارن. هەرهەموو هۆگرانی فوتباڵ دەتوانن لەو هەلە چێژ ببەن و ٣٠ ڕۆژی تایبەت لە ژیانیان هەست پێ بکەن.
ئێستاکە لە ڕووسیا کەشێکی تایبەت زاڵ بووە بە سەر هەموو ئەو وڵاتە و لە شەقامەکانی شارەکانی میوانداری موندیاڵی جیهانی سۆز و خرۆشی هۆگرانێک کە سەردانی گەورەترین وڵاتی جیهانیان کردووە بە ئاشکرا دیارە.
بۆ هۆگرانی فوتباڵ هیچ تەوفیری نییە کە یانەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان و یان یانەی دڵخوازیان چ پێگەیەیەکی هەبێ ، ئەوانە یانەکەیان بە باشترین دەزانن و هیوادارن بە درەوشانەوەی وڵاتەکەیان بیرەوەریی خۆشیان لە موندیاڵی ڕووسیا بۆ بمێنێتەوە.
مۆندیاڵ لە ڕاستیدا دەرفەتێکە بۆ ئاشنا بوونی گەلان لەگەڵ یەکتری. دەتوانین کەلتووری گەلانی دیکە بناسین، جل و بەرگ، درووشم و تەنانەت هێماکانی هەر وڵاتێک بەشێک لە جوانییەکانی ئەو یارییانەیە.
هەروەها ژمارێک لە وڵاتان، ئەوە یەکەم جارە لەو مۆندیاڵە بەشداردەبن. لە راستیدا پاناما و ئیسلەند ئەوە یەکەم جارە بەشداری مۆندیاڵ دەبن.
ئیسلەندی شاز کە لە یۆرۆدا بە درەوشانەوە و هاندانی تایبەتی خۆی لە جیهاندا ناوبانگی دەرکرد لە یەکەم یاریدا دەبێ لەگەڵ ئارژانتین و لیۆنێل میسی بچێتە مەیدانەوە. لە لایەکەوە پاناما بە وەلانانی خەنێمی گەورە بە ناوی ئەمریکا دەیهەوێ ئەزموونێکی جیاواز لەم مۆندیاڵە بخوڵقێنێ.
ڕەنگە نەگەیشتنی ئیتالیا بە قۆناغی فیناڵ تا دوێنێ یەکێک لە گرینگترین ڕووداوەکان سەبارەت بە مۆندیاڵی ڕووسیا بوو، بەڵام بە وەدەرنرانی "یولەن لۆپتگی" هەمووو شتێک گۆڕدرا. ڕاهێنەری ئیسپانیایی لە کاتێکدا پۆستەکەی لە کیس چوو کە تەنیا دوو ڕۆژ مابوو بۆ یەکەم یاریی لارۆخا لە مۆندیاڵی ڕووسیا ٢٠١٨. پاڵەوانی جیهان لە ساڵی ٢٠١٠ ئێستا دەبێ بە فێرناندۆ هیرۆ بەرامبەر بە پۆرتوگال، ئێران و مەراکش یاری بکات.
ئێران و مەراکش لەو هەلەی بۆیان ڕەخساوە دەتوانن سەرنجی هەموو جیهان بەرەو لای خۆیان ڕاکێشن. ڕووداوێک کە مۆندیاڵ بەردەوام بە خۆیەوە بینیویە.
یاریگەی لۆژنیکی ئێوارەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) میوانداری یاریی نێوان ڕووسیا و عەرەبستان دەبێ. ٨١ هەزار کەس لە نزیکەوە ئەو یارییە دەبینن و بە ملوێنان کەسیش لە ڕێگای تەلەڤزیۆنەوە بینەری یەکەم یاریی مۆندیاڵی ٢٠١٨ی ڕووسیا دەبن.
ئەم یارییە تەنیا دەسپێکێک دەبێ بۆ جەژنێکی گەورە و لە درێژەدا ٣٠ وڵات پێکەوە ململانێ دەکەن تا پاش چوار هەفتە پاڵەوانی جیهان دەرکەوێ. دوایین کاپی مۆندیاڵ بە دەستی فیلیپ لامی ئەڵمانی بەرز کرایەوە و ئیستا یانە زەبەلاحەکانی وەک برازیل، ئارژانتین، فەرەنسا و تەنانەت ئیسپانیای بریندار دەرفەتی ئەوەیان هەیە تا ئەو پاڵەوانەتییە بە نسیبی خۆیان بکەن یان ڕەنگە دیسان هەر ژێرمەنەکان بن کە سەرکەوتوویی ئەو یارییانە بن.
هیچ تەوفیری نییە کامە وڵات دەبێتە پاڵەوان ، گرینگتر لە هەمووی ئەو سۆز و خرۆشەوەیە کە لەم ٣٠ ڕۆژەدا زاڵە بە سەر هەموو جیهاندا و ئەو کات و ساتە جوانانەیە کە تۆمار دەکرێن.