ئادار 01, 2020 21:49 Asia/Tehran
  • سیامەند ڕەحمان پاڵەوانی کوردی قورسایی هەڵگرتنی کەمئەندامانی جیهان کۆچی دوایی کرد

بەداخەوە پاڵەوانی بەناوبانگی کوردی قورسایی هەڵگرتنی کەمئەندامانی جیهان سیامەند ڕەحمان ئەم ئێوارەیە بە هۆی وەستانی دڵی لە خەستەخانەی نەبی ئەکرەمی شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد و هەمووانی نوقمی خەمێکی گەورە کرد. سیامەند ڕەحمان لەو وەرزشوانە بەئەخلاق و ڕەوشت بەرزانە بوو کە بەردەوام بۆ هەموو کوردێک و هەموو ئێرانییەک جێی شانازی بوو.

بەڕێزی بەجاران بووە خاوەنی پلەی پاڵەوانەتی جیهان و بە بەزاندنی ڕیکۆردە جیهانیەکان دڵی خەڵکی شاد کرد و ناوی ئێرانیشی لە دونیادا بەرز کردەوە.

بەڕێزی لە دایکبووی ساڵی 1988ی شاری شنۆ بوو و لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام ئەندامی هەڵبژاردەی نیشتمانی قورسایی هەڵگرتنی کەمئەندامانی ئێران بوو و گەلێ شانازیشی بۆ وڵاتەکەی وەدەس هێنا کە لەوانە دەکرێ ئاماژە بکەینە پاڵەوانی پارائۆلۆمپیکی لەندەن لە ساڵی 2012، پاڵەوانی پارائۆلۆمپیکی ریۆی بەرزایل لە ساڵی 2016 و خاوەنی 5 میداڵیای ئاڵتوون و زیوێکی جیهان. ئەو هەروەها لە یاریە ئاسیاییەکانی کەمئەندامان لە گووانگجۆ لە ساڵی 2010 ، ئینچیئۆن ساڵی 2014 و جاکارتای 2018 میداڵیایی ئاڵتوونی هێنایەوە.

سیامەندی ڕەحمان لە ساڵی 2017دا وەکوو باشترین وەرزشوانی کەمئەندامی جیهان هەڵبژێردرا. شایانی ئاماژەیە کە پاڵەوان سیامەند ڕەحمان یەکەم جار لە ساڵی 1387ی هەتاوی (2008) بانگهێشت کرایە هەڵبژاردەی نیشتمانی قورسایی هەڵگرتنی کەمئەندامانی ئێران و لە یاریە پارائۆلۆمپیکەکانی لەندەندا توانی لە حەرەکەی یەکەمدا قورسایی 270 کیلۆگرام و لە حەرەکەی دووەمدا قورسایی 280 کیلۆیی بەرز بکاتەوە.

سیامەند ڕەحمان هەرجارە کە بەشداری پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتی دەکرد ڕیکۆردەکەی پێشووی خۆی دەبەزاند و وەکوو پاڵەوان ناوی خۆی لە گۆڕەپانی وەرزشی قورسایی هەڵگرتنی جیهاندا تۆمار دەکرد.

کەناڵی سەحەری کوردی سەرەخۆشی ئەکات لە بنەماڵەی بەڕێزی ئەو پاڵەوانە جوانەمەرگە و ئاواتەخوازە ڕۆحی بەرزی بە جەننەت شاد بێت.

 

سەرپەیڤ