25ی نیسان ساڵھاتی وەفاتی مەحوی
شاعیر و مامۆستای گەورە تەسەووف ، مەلا محەمەدی کوڕی مەلا عوسمانی کوڕی مەلا ئەسعەد ناسراو بە مەحوی لە 25 ی نیسانی 1976 دا کۆچی دوایی کردووە .
شاعیری گەورەی کورد ( مەحوی)، ناوی تەواوی مەلا محەمەدی کوڕی مەلا عوسمانی کوڕی مەلا ئەسعەدی ناوچەی (باڵخ) ی ناوچەی ماوەتە، لە نەوەی زانای ناودار ( شێخ رەش)ە، لەگەڵ سەرەتای دروستبوونی شاری سلێمانی لەلایەن بنەماڵەی سلێمان پاشای بابان هاتوونەتە شاری سلێمانی.سەبارەت بە رۆژی لەدایک بوونی حەزرەتی مەحوی، محەمەد ئەمین زەکی بەگی مێژوونوسی گەورەی کورد ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی (1252) ی کۆچی بەرامبەر بە ساڵی (1836 بۆ 1837) زایینی دا لە دایک بووە، سەربارەت بەهەمان پرس ، مامۆستای گەورەی کورد عەلائەدین سەججادی وتوویەتی، مەحوی لە ساڵی(١٨٣٠) ی زایینی بەرامبەر (١٢٤٦) ی کۆچی دا لە دایک بووە.مەحوی لوتکە لەتەمەنی حەوت ساڵیدا خراوتە بەرخوێندن و ماوەیەکی زۆر لای باوکی خوێندوویەتی، بۆ فێربوونی عیلم و مەعریفە سەردانی شاری سنە وسابڵاغی کردوە و لەخزمەت مەلا عەبدوڵای پیرەباب ماوەیەکی زۆر دەرسی ئایینی خوێندووە.پاش ماوەیەکی زۆر مەحوی دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی و دەست دەکاتەوە بە خوێندنی مەلایەتی، دواتر دەچێتە شاری بەغدا و دەبێتە فەقێی زانای بەناوبانگی کورد موفتی زەهاوی و هەر لای ئەو ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە.مامۆستا عەلائەدین سەجاددی لەبارەی مەحوی دەڵێت لە ساڵی 1859 ی زاینی دا بووە بە مەلای مزگەوتی ئیمامی ئەعزەم لە بەغدا, بەڵام دوای سێ ساڵ و لە ساڵی ١٨٦٢ دا بەغدای بەجێ ھێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و بوە بە ئەندامی دادگا.مەحوی بۆ ماوەی شەش ساڵ ئەندامی دادگای شاری سلێمانی دەبێت، بەڵام بەهۆی مردنی مەلا عوسمانی باوکی لەو ساڵەدا دەست لەکاری دادگا دەکێشێتەوە و دەست دەکات بە وانە وتنەوەی فەقێیان.حەزرەتی مەحوی لەسەر رێچکەی مەلا عوسمانی باوکی بەردەوام دەبێت و دەبێت بە خەلیفەی شێخ بەهائەدینی شێخ عوسمانی تەوێڵە.لە ساڵی 1883 دا مەحوی سەردانی ماڵی خودا دەکات و لەوێشەوە دەچێتە ئەستەنبوڵ و چاوی دەکەوێت بە سوڵتانی ئەو کاتی عوسمانی، سوڵتان کە لەکەسایەتی مەحوی تێدەگات رێزێکی لە ئەندازە بەدەری دەگرێت و فەرمان دەکات خانەقایەکی لە شاری سلێمانی بۆ بکەنەوەکە بەخانەقای مەحوی دەناسرێت و تا ئێستاش ئەو خانەقایە ماوە.سوڵتان بەناوی خزمەتکردنی هەژارانەوە مووچەیەک بۆ مەحوی دەبڕێتەوە بۆ ئەوەی لە شاری سلێمانی خزمەتی زیاتری هەژاران و خانەقاکەی بکات، مەحوی تا کۆتایی ژیانی لەو خانەقایەدا خزمەتی بە هەژاران کردووە.مێژوو نوسانی سەدەی پێشوو، باس لە کەسایەتی مەحوی شاعیر دەکەن و لە وەسفی قامەت و رووخسارییدا دەڵێن:باڵابەرزێکی چاو گەورە بووە، رەنگی سور و سپی بووە، هەردەم ردێنێکی درێژی هەبووە، شێوازی ئاخاوتنی لەسەرخۆ و نەرم و نیان بووە، بەردەوام کەوا و سەڵتەی پۆشیووە،سەرەتای ژیانی بەهرەی شیعری تەسەوفی تێدا بەدیکراوە، هاوکات ژینگەی پەروەردە و پێگەیاندنی هۆکارێک بووە بۆ چوونە ناو عیرفانیەت و تەسەوفەوە.ساڵی 1976 کۆتا ساڵی ژیانی مەحوی شاعیر دەبێت و لە سەرەتای سەدەی پێشوو، کۆچی دوایی دەکات و هەر لەخانەقاکەی خۆیدا و لە ژوورێکدا دەنێژرێت.
شێعری مەحوی
شیعرەکانی مەحوی لەسەر مانا و بیرکردنەوەیەکی تەواو قوڵ ئەوەستێت و بەگشتی هۆنراوەکانی لەسەر چەندین تەوەری جیاواز ئەدوێت. هەڵوێستی توندی شاعیر بەرامبەر ستەمکار و زۆرداران لە شیعرەکانیدا ڕەنگ ئەداتەوە لەگەڵ بەگژداچوونی ئەوانەی بازرگانی بەسەر ئایینەوە ئەکەن، زۆرترین بەشی شیعرەکانی لە چوارچێوەی جوانی و خۆشەویستی و عەشق دەسوڕێتەوە هەروەها چەندیین شیعری هەیە لە بواری ڕاستی پەرستی و فەلسەفەدا و لە ستایشی ئایینی و تەسەووفدا.
مەحوى وەکو شاعیرانى سەردەمى و پێشووتر لەخۆى کێشى عەرووزى عەرەبى بەکارهێناوە، هەروەها یەکێتى قافییە پاراستووە، بەواتایەک کە سەرانسەرى هۆنراوەکە لەسەر یەک قافیەیە. بەهۆى ئەوەى زمانى کوردى لەو سەردەمەدا هێز و تینى ئێستاى نەبووە، مەحوى وشەى فارسى و عەرەبى زۆر بەکارهێناوە، هەروەها وشەکارى و وردەکارى زۆرى بەکارهێناوە و بەدواى وشە دەربڕینى گراندا گەڕاوە.
لە هەمان کاتدا مەحوی لەگەڵ زمانی کوردیدا بە زمانی فارسی و عەرەبی چەندین هۆنراوەی نووسیوە.
شیعرەکانی مەحوی لوتکە، لە هەموو سەردەمێکدا ماهیەت و هەیمەنەی خۆیان بەسەر شیعری تەسەوفەوە هەیە، هەروەها هونەرمەندانی کورد بۆ ئاوازەکانیان باشترین هۆنراوە، هۆنراوەکانی مەحوی دەکەنە هەوێنی گۆرانییەکانیان.
مامۆستا ھەژاری موکریانی لە چێشتی مجێور دا نوسیویەتی:
لە جیرانی خۆمان بەجێ نەماوین. بەڵام لە غەزەل و دڵداریدا لە هەموو عەرەبمان تێ پەڕاندووە. پرسیارکەر وتی: دەتوانی دەلیل بۆ ئەم قسەیەت بێنیتەوە؟ وتم: بەڵێ. لە ئیسلامدا چاکترین کەس گۆشەگیری خواپەرستە. خراپترین کەس ڕێگرە. با بڕوانین مەحوی شاعیری عارف چۆن ئەم چاکە و خراپەیەی لێک پیڵۆز کردوون. دەڵێت:
نەگەییە دامەنی دەستی دوعا، جا دەبمە خاکی ڕێیتەریقەی گۆشەگیری بەر دەدەم، ئەم جارە ڕێ دەگرم
یان خورما کە میوەی تایبەتی عەرەبە، ئاخۆ کێ بۆ بەربانگی ڕەمەزان خورمایەکی داوە بە نالی کە سوننەتە ڕۆژووی پێ بشکێنێت. دەڵێت:
دەخیلت بم نەخیلی یا ڕوتابیوەھا شیرین و سینەنەرم و دڵڕەق
ئاخۆ هەزار ساڵە عەرەبێک بیری لەمە کردبێتەوە کە یاری خۆی بە خورما بشوبهێنێت؟!
...........................
بەشی زۆری شیعرەکانی مەحوی لە چوارچێوەی غەزەلیاتدایە و ئەم پارچە شیعرەی خوارەوە نموونەیەکە لەو شیعرانە:
بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم، چ بکەم! بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم، چ بکەم!لە خەزنەی دڵمدا هەرچی هەیە، هەر داغی سەودایە دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم، چ بکەم!لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زونناری زوڵفی یاروەکو "شێخ" ئیختیاری مەزهەبی "تەرسا" نەکەم، چ بکەم!لە ڕێی ئەو شۆخەدا خۆم کردە خاک و پێی نەنا پێما دەسا خاکی هەموو عالەم بەسەر خۆما نەکەم، چ بکەم!دەمێکە شاری پڕ شۆری مەحەببەت مات و خامۆشە بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم، چ بکەم!لە چاوانم نەما بۆ گریە، نۆبەی سەجدە بەردەریە سیا ساڵم نەبارە، نوێژی ئیستیسقا نەکەم، چ بکەم!لەسەر تۆم دوشمنە دنیا، قەزیەم "مانع الجمع"ە کە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی هەموو دنیا نەکەم، چ بکەم!بەجێ ماوم لە یاران، نا بە جێ ماوم، ئەجەل زوو بە بە مردن لەم قوسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم، چ بکەم!ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا مەحوی! هەتا قامی قیامەت، ئاه و واوەیلا نەکەم، چ بکەم!
..........