کاردانەوەی یونسکۆ بە گۆڕینی ئایاسوفیە بۆ مزگەوت لە لایەن ئەردۆغانەوە
بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی یونسکۆ رایگەیاند، نیگەرانن لەبارەی بڕیاری ئایاسۆفیا لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت، نیگەرانی رێکخراوەکەیان لەبارەی ئەو بابەتەوە بە باڵیۆزی تورکیا لە رێکخراوەکەیان گەیاندوە.
ئەودری ئەزۆلای، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی یونسکۆ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، "ئایاسۆفیا بەشێکە لە شاری مێژویی ئیستانبوڵ، خراوەتە لیستی شوێنەوارەکامی مێژوی جیهان لە یونسکۆ، شاکارێکی تەلارسازییە، بەڵگەیە لەسەر تێکەڵبونی شارستانی ئاسیا و ئەوروپا، وەک مۆزەخانەیەکی شوێنەواری سروشتی جیهانی سەیر دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەردەوڵەتێک پارێزگاری لە موڵکە شوێنەوارییەکانی وڵاتەکەی بکات، هیچ گۆڕانکارییەکی تیایدا نەکات کە لەبەها تایبەتییەکەی کەمبکاتەوە، هەر گۆڕانکارییەکیش لە هەر شوێنەوارێک روبدات دەبێت یونسکۆ ئاگادار بکرێتەوە، پاشان لەلایەن رێکخراوەکەوە پێداچونەوە بۆ دۆسیەکە دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی یونسکۆ باسی لەوەشکرد، بە باڵیۆزی تورکیا لە یۆنسکۆ راگەیەنراوە، کە جێگەی نیگەرانییە حکومەتی تورکیا هەنگاوی گۆڕینی دۆخی ئایاسۆفیا جێبەجێدەکات، بەبێ ئەوەی پێشتر لەوبارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ رێکخراوەکە کرابێت، یاخود ئاگەدار کرابێتنەوە.
دوێنێ هەینی بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوای 86 ساڵ لە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا، ئەنجومەنی شورای تورکیا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی کردنە مۆزەخانەی ئایاسۆفیا، بەوەش جارێکی دیکە وەک مزگەوت ئەو شوێنە مێژوییە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
ئایاسۆفیا، یان ھاجیا سۆفیا کەنیسەیەکی کۆنی ئایینی مەسیحییەتە، کە لە دوای داگیرکردنی ئیستانبوڵ بە دەستی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی کرا بە مزگەوت، لە ساڵی 1935ەوە وەک مۆزەخانە بە کاردێت، ئایاسۆفیا هەمیشە بە جوانترین باڵەخانەی مێژویی ناوزەند دەکرێت، لەساڵی 2014 پاپا فرانسیس لەمیانی سەردانی بۆ تورکیا سەردانی ئایا سۆفیاشی کرد، داوای دوبارە بونەوەی بە کەنیسەی کرد.