مێسی لە یانەی بەرشەلۆنە دەمێنێتەوە
سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنە ھاندەران دڵنیا دەکاتەوە کە « لیۆنێل مێسی» یانەکەیان جێ ناھێڵێ
لەگەرمەی قەیرانەکانی بەرشەلۆنە و دەنگۆکانی ڕۆیشتنی «لیۆنێل مێسی» لەیانە کەتەلۆنییەکە، «جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ»ی سەرۆکی یانەکە باسی دەنگۆی ڕۆییشتنی ئەستێرەی یەکەمی یانەکە دەکات و لەو بارەیەوە دڵنیایی دەداتە ھاندەران کە «مێسی» لە یانەکەیان ناڕوات و دەمێنێتەوە.
گێبەستەکەی «مێسی» لەگەڵ بەرشەلۆنە مانگی شەشی ساڵی داھاتوو کۆتایی پێدێت، ئەوەش دەستەبەری مانەوەی «مێسی» لە بەرشەلۆنە ناکات، بەو پێیەی بڕگەیەک لە گرێبەستەکەدا ھەیە کە ڕێگەی پێدەدات لە کۆتایی ھەر وەرزێکدا بێ بەرانبەر بەرشەلۆنە جێبھێڵێت.
ھەروەھا ژمارەیەک لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکان باسیان لە بێزاربوونی «مێسی» کردووە لە«بارتۆمیۆ»ی سەرۆکی یانەکە، ئەویش دوای دامەزراندنی «کیکی سێتیین» وەک ڕاھێنەر و تاڕاددەیەک لەدەستدانی خولی نێوخۆیی ئیسپانی بۆ ڕیاڵ مەدرید ڕکابەری مێژوویی بەرشەلۆنە. بەڵام سەرەڕای ئەو ھەموو دەنگۆ و قەیرانانەی یانە کەتەلۆنییەکە پێیدا تێدەپەڕێت، سەرۆکی یانەکە لە لێدوانیدا بۆ کەناڵی tv3 کەتەلۆنی ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی تایبەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسی بەشێوەکی ئەرێنی بەڕێوەدەچێت و بەوپەڕی متمانەوە دەڵێم: کاپیتتن و ئەستێرەی یەکەمی یانەکەمان بەم زووانە واژۆ لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکە دەکات .