کتێبەکەی جۆن بۆڵتن کرا بە کوردی
کتێبی ژووری رووداوەکان لە نووسینی جۆن بۆڵتن، لە لایەن دارەوان حاجی حامید لێپرسراوی ناوەندیی فەرەنسا و سەرۆکی دامەزراوەی سەنتەری فەرەنسی کوردیی بۆگەشە پێدانی پەروەردە، کرا بە کوردی.
دارەوان حاجی حامید لێپرسراوی ناوەندیی فەرەنسا و سەرۆکی دامەزراوەی سەنتەری فەرەنسی کوردی بۆگەشە پێدانی پەروەردە و کلتور بە PUKmedia ی راگەیاند، کتێبی ژووری رووداوەکان لە نووسینی جۆن بۆڵتن مان کرد بە کوردی لەم هەفتەیەدا خوێنەران دەتوان بەدەستی بهێنن.
ئامانجی کتێبەکەشی رونکردەوەو وتی: ئەرکی ئەم وەرگێڕانەم وەک ئەمانەتێکی مێژوویی و ئەخلاقی گرتە ئەستۆ، کە هەڵوێست و سیمای راستەقینەی دەوڵەتان ئاشکرا دەکات، کە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا ئامادەن پشت لە کورد و کوردستان و گەلانی چەوساوە بکەن.
وتیشی: بێگومان وەرگێڕانی ئەم کتێبە بە مەبەستی دژایەتی وڵاتێک، یان بەرژەوەندی لایەنێک، یاخود کەسایەتییەک ئەنجام نەدراوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی جۆن بۆڵتن لە کتێبەکەیدا باسی کوردیشی کردووە، زۆرێک لە سیاسییەکان و رۆشنبیرانی کوردستان خواستێکی زۆریان هەیە بۆخوێندنەوە و زانینی ناوەرۆکەکەی.
جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کتێبی پڕهەرای کە لەم دواییەدا بڵاو بۆتەوە، وێرای لێکدانەوە و گێڕانەوەی تەواوی ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئیش کردنی لە کۆشکی سپی شایەدی بووە، چەند بەشێکی بە کوردەکانی عێراق و سووریا تەرخان داوە و دەڵێ: ترامپ لە وتاردانەکانی بە ئاشکرا دانی بەودا ناوە کە کوردی خۆشناوێ، چونکە ئەوان لە بەر عێراقییەکان و تورکەکان هەڵدێن و تەنیا کاتێک لە شەڕدا هەڵنایەن کە ئەمریکا لایەنی بەرامبەریان بە فرۆکەی ئێف ١٨ بۆردومان بکات.