نیسان 26, 2021 18:00 Asia/Tehran
  • 6ی گوڵان رۆژی سنە

شەشی گوڵانی 1016 بە فەرمانی سولەیمان خانی ئەردەڵان شاری سنە نۆژەن کرایەوە و بنەڕەتی شارێکی نوێ دانرا بۆیە ئەو ڕۆژە بە ناوی رۆژی سنە دیاریکرا.

بە پێی راپورتی پێی هەواڵی مێهر، سەرچاوە مێژووییەکان باسی ئەوە دەکەن کە شاری سنە میژوویەکی دوور و درێژی هەیە بەڵام لە کاتی دەسەڵاتداری سولەیمان خانی ئەردەڵان تەنیا بنەماڵەیەک ناسراو بە پێڵاو زێڕین لە دەوری قەڵایەکی کۆن بە ناوی سنە دەژیان.

تا ئەو کاتە ئەردەڵانەکان 500 ساڵ بە سەر بەشێکی گەورەی کوردستان حکوومەتیان کردبوو و بۆ پاراستنی خاکی خۆیان، چوار قەڵای ئەستووریان لە حەسەناوا، پاڵنگان، مەریوان و زەڵم ساز کردبوو.

شا عەباسی سەفەوی پاش زاڵ بوون بە سەر کێشە ناوخۆییەکانی حکوومەتەکەی، سنوورە ڕۆژاواییەکانی تێپەڕاند و نەیتوانی دەسەڵاتی هەڵۆخان ببینێت.

پاش مردنی شاعەباس، شەڕ و کوشتار دەستی پێ کرد و کوڕی خان ئەحمەد خانی کوڕی هەڵۆخان کرایە قوربانی و بەم بۆنەوە شەڕ دژی سەفەوییەکان دەستی پێکرد. ئەوشەڕە شکستی خان ئەحمەدخانی بەدواوە بوو و بەم شیوە ناچار بوو بۆ ناوچەی ژێردەسەڵاتی عوسمانییەکان کۆچ بکات.

لەم کاتەدا سولەیمان خانی ئەردەڵان کە لە ئەسفەهان دەژیا، بۆ ڕزگار کردنی سنە گەڕایەوە و بە مەرجی ڕووخاندنی قەلاکانی ئەردەڵان، حکوومەتی گرتە دەست.

ئەو پاش هاتنی بۆ کوردستان لە 6ی گوڵانی ساڵی 1016 فەرمانی نۆژەن کردنەوەی شار و دانانی بنەڕەتی شارێکی نوێ دەرکرد.

هەر بەم بۆنەوە بەرپرسان شار و ئەندامانی ئەنجومەنی شاری سنە هەوڵیان دا ئەم ڕۆژە وەکوو ڕۆژی سنە دیاری بکەن و لە ئاکامدا لە ساڵی 97 ئەم کارە جێبەجێ کرا و 6ی گوڵان وەکوو ڕۆژی سنە ناسێندرا.

جگە لەوەش بە هۆی بووژانەوەی سروشتی پارێزگای کوردستان و شاری سنە و دەوروبەری لە مانگی گوڵاندا، هەوڵ درا ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی ئەم مانگە بۆ ئەم بۆنەیە دیاری بکرێت.

بە مەبەستی ناساندنی سەرچاوە سروشتییەکان، ئاسەواری مێژوویی و فەرهەنگی، شوێنە گەشتیارییەکان و کەسایەتییە ناودارەکانی سنە، هەوڵ درا لە ڕۆژژمێری پارێزگەی کوردستاندا ڕۆژێک بە ناوی رۆژی سنە بناسێندرێت و ببێتە هۆی ناساندنی زیاتری ئەم شارە مێژووییە.

سنە وەکوو ناوەندی پارێزگای کوردستان لە مێژە ئاخێزگەی هونەرمەندان و کەسانێکی ناودارە کە لە هەموو جیهان ناوبانگیان دەرکردووە و ئەمەش وای کردووە سنە بە شارێکی فەرهەنگی بناسرێت.

زۆرێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی ئەدەبی کوردی لەم شارەوە سەریان هەلداوە یان لەم شارەدا سەرقاڵی خوێندن بوون. جگە لەوە سنە مەڵبەندی هەموو جۆرە هونەرێک بووە لەوانە دەکرێ ئاماژە بۆ مۆسیقا، شانۆ، پیشە دەستکردەکان و عێرفان و خانەقا و ... بکرێت.

مۆسیقا بەشێکی گرینگی هونەر لەم شارە دەگرێتەوە و زۆر لەم بوارەدا سەرکەوتوو بووە و کەسانی ناودار و بەناوبانگی لە ئاستی جیهانیدا پەروەردە کردووە. ئەم تایبەتمەندییە بووە هۆی ئەوەی ئەم شارە وەکوو شاری داهێنەری مۆسیقا لە یونێسکۆ تۆمار بکرێت و ئەمەش ئاکامی هەوڵ و تێکۆشانی زانایان و لێهاتووانی ئەم بەشەی هونەر لە سنە بووە.

شاری سنە هەروەها بە باڵاخانە و بینا و گەرماوە مێژووییەکانیەوە ناسراوە. ئەم شوێنانە ئێستا وەکوو شوێنی  گەشتیاری کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت و بۆ خەڵکی ئەم شارە سەرمایەیەکی پڕبایەخن.

 

سەرپەیڤ