حەجج شکۆمەند ترین ئاھەنگی مرۆڤایەتی ھەر لە دەستپێکەوە ھەتا کۆتایی
ھەرکام لە کردارو ڕێ و ڕەسمەکانی حەجج ھەڵگری ئاسەواری تاکەکەسی و بەکۆمەڵ، ماددی و مەعنەوی و ھەروەھا سیاسی و کۆمەڵایەتین.
ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی زلحەججەیەو ئەم ناوەش ھەچکاتێک بەرگوێی موسڵمانان و ئیمانداران دەکەوێت، خێرا ماڵە پیرۆزەکەی خوداوەند لە مەککەی موککەڕەمەو حەجج و کەعبەو مەشعرو مینا وەبیر دێنێتەوە. لە ئێستادا حاجیان ھێدی ھێدی خۆیان بۆ شکۆمەندترین ئاھەنگی سەرڕووی زەوی ئامادە دەکەن، حەجج لەو شانازییە گەورانەی ئیسلامە کە نمونەکەی لە ھیچ ئایینێکی ئاسمانیی دیکەدا بەدی ناکرێت و لە نێو شوێنکەوتووانی بوزی و مەسیحیش دا کە حەشیمەتێکی زۆری دنیایان بە خۆیان تەرخان داوە قەت وەھا ڕێ و ڕەسمێکی شکۆمەندو جیھانی بوونی نییە کە ساڵێک جاری ئا بەو بەربڵاوییە شوێنکەوتووانی خۆی لە یەک شوێن دا کۆکاتەوەو نومایشی یەک بوون و یەکانگیری و ھاوھەڵوێستییان پێ بکات. ئەم شانازییە تەنیاو تەنیا تایبەتی ئایینە پیرۆزەکەی حەزرەتی موحەممەدی موستەفا(ص)ـە کە وەک خەڵاتێک لە لایەن پەروەردگارەوە کردی بە دیاری بۆ تێکڕای جیھانیی مرۆڤایەتی.
خوداوەندی سوبحان کەعبەی لە ساڵی دووھەمی کۆچی کرد بە ڕووگەو قیبلەی موسڵمانان و لەو کاتە بەولاوە لە سەر ھەر موسڵمانێک فەرز کراوە کە لە کاتی نوێژکردندا چ واجیب بێت و چ سوننەت ڕوو لەم شوێنە پیرۆزە بکات.
بە پێی ئایەتەکانی قورئان و ڕیوایاتی ئیسلامی، حەزرەتی ئیبراھیم(ع) و حەزرەتی ئیسماعیلی کوڕی بە فەرمانی خوداوەند بەردی بناغەی کەعبەیان دانا. ئەگەرچی لە ھێندێک گێڕانەوەدا مێژووی چێکرانی ئەم شوێنە پیرۆزە بۆ سەردەمی حەزرەتی ئادەم(ع) و یان تەنانەت بەرلەوەش دەگەڕێننەوە.
تەگبیری حەزرەتی موحەممەد(ص) لە ڕووداوی دانانەوەی حەجەرولئەسوەدو یان ھێرشی سوپای ئەبرەھە بۆ سەر ئەم شوێنە پیرۆزە لەو ڕووداوە گرینگانەی ھاوپەیوەند بە ئیسلامە کە لە کەعبەدا ڕوویان داوە.
لەفزی کەعبە لە وشەدا بە واتای ماڵێکی چوارسوچە. ماڵی خوداش لە بەر چوارسوچ بوونەکەی کەعبەی پێ دەگوترێت. لەو ناوەھەرە ناودارانەی ئەم بینایە بەیتوڵڵا واتە ماڵی خودایە. ئینجا ناوەکانی دیکەشی لە قورئانی پیرۆزدا بریتین لە: «ئەلبەیت، بەیتولحەرام، بەیتولعەتیق، و بەیت المحرم»، کە بە مزگەت و حاسەی گردوپەڕیشی «مسجدالحرام» دەگوترێت.
پێغەمبەری سەردار(ص) لە ساڵی دەھەمی کۆچی ڕێ و ڕەسم و مەناسکی حەججی بە تەواوی فێری موسڵمانان کرد. کە ئایەتی ٢٧ی سوورەتی پیرۆزی حەجج کە دەفەرموێ: «لە نێو خەڵکدا بانگەوازی حەجج بکە ھەتا بەسەوادە و بەسواری سواربەرە گورج و گۆڵەکانیان لە ھەر ڕێگایەکی دوورەوە بە دەمتەوە بێن» ھەر بەم بۆنەیەوە دابەزیوە. بەم پێیە خوداوەند ئەو حەزرەتەی ڕاسپارد ھەتا وێڕای بەجێ ھێنانی ڕەێ و ڕەسم و مەناسکی حەجج، تێکڕای موسڵمانان فێری ئەم فەرزە مەزنە ئیلاھییە بکات.
ئاھەنگی حەجج داگری ئامانج و ڕەھەندی جۆربەجۆرە کە پێغەمبەری سەردار(ص) لە ئاراستەی وەدی ھێنانیان ھەنگاوی ھەڵدەگرت. دیارە ھەرکام لە کردارو ڕێ و ڕەسمەکانی حەجج ھەڵگری ئاسەواری تاکەکەسی و بەکۆمەڵ، ماددی و مەعنەوی و ھەروەھا سیاسی و کۆمەڵایەتین.
ئاھەنگی حەجج ھەل و مەرجێکی ھەڵکەوتەو دەگمەنە کە دەکرێ لەو بارستاییە ھەرە بەرفراوانەی بۆ گەییشتن بە ئامانجگەلێکی بەرزی ئایینی کەڵک وەربگیردرێت.
پێغەمبەری سەردار(ص) جیا لەوەی کە فەریزەی حەججی وەک گەورترین و بەربڵاوترین فەرزی ئیلاھی فێری موسڵمانان کردو بۆ ھەتاھەتایە گەورەیی و مەزنایەتیی ئوممەتی ئیسلامیی لەسای بەرپاکردنی ئاھەنگی حەجج دا دەستەبەر کرد، دەرفەتی حەججیشی کە شکۆمەندترین کۆبوونەوەی ساڵانەی ئوممەتی ئیسلامی دێتە ئەژمار، وەک ھەلێکی ھەڵکەوتە و بێ جێگرەوە بەکار ھێناو بەھرەیەکی فراوانی لێ وەرگرت.
ئەو حەزرەتە لە ھەرکام لە سەفەرەکانی دا سەرباری بەجێ ھێنانی مەناسک و ڕێ و ڕەسمەکانی حەجج و یان عومرە، بە وتارو کردارەکانیشی پەندو ئامۆژگاریی زۆریشی فێری تۆرەمەکانی داھاتوو کرد.
پێغەمبەری سەردار(ص) فێری ئوممەتەکەی کرد کە چلۆن دەبێ ھەلی زێڕینی حەجج_کە خوداوەندی سوبحان بە بەرەکەتی ماڵەکەی و فەرزکردنی حەجج ڕەخساندوویەتی_ بەکار بھێنن و چۆناوچۆن لەم شوێنەو لە موسمی حەجج دا پرۆڤەی ژیانی تاقانەپەرەستی و تەوحیدی بکەن و لەپاش گەڕانەوە بۆ شارودیاری خۆیان لە بست بە بستی ئەم جیھانە پان و بەرینەدا پەرەی پێ بدەن و بیچەسپێنن.