هێرشێکی دیکەی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە
لە کاتێکدا کە غەززە بۆ ماوەی کاژێرێک کپ ببووەوەو هێرشەکانی زایۆنییەکان وەستا بوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دەستیان کردەوە بە بۆردومانکردنی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێران پرێس، فڕۆکەشەڕکەرەکانی ڕژێمی داگیرکەری قودس لە ئێستادا خەریکی بوردومان کردنی دوو بنکەی خۆڕاگریی فەلەستینن لە ڕۆژهەڵات و باشووری شاری غەززە.
هەروەها فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل پێگەکانی بەرخۆدانیان لە ناوەندی کەرتی غەززەش بۆردومان کردووە.
شایەتحاڵان ڕایانگەیاندووە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززە، نەخۆشخانەی منداڵان و ناوەندە مەدەنییەکان زیانیان بەرکەوتووە.
ئەلمەیادینیش وای بڵاو کردووەتەوە کە بنکەکانی بەرخۆدان لە ڕۆژئاوای خان یونس کراونەتە ئامانجی دوو مووشەک کە لە فڕۆکەیەکی سیخوڕیی ئیسرائیلەوە ئاراستە کرابوون.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەم میدیایە، پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکە بەردەوامە و هێزەکانی خۆڕاگریش لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بەردەوامن لە تەقاندنی موشەک بەرەو شارۆچکە زایونی نشینەکان.