شوبات 12, 2024 08:30 Asia/Tehran

لەکاتێکدا کە ژینۆسایدی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی پێی ناوەتە سەد و بیست و هەشتەمین ڕۆژی خۆیەوە کە بۆردومانی دڕندانەی خانیونس هەر بەردەوامە.

بە پێی دوایین ڕێژە و ئامارەکان یەک ملوێن و سێسەد هەزار کەس ئاوارە بوونە و سوپای داگیرکەری زایۆنیش خەریکی ئامادەکردنی خۆیەتی بۆ ئەوەی لە ڕێی وشکانییەوە پەلاماری ڕەفەح بدات.

میدیاکان هەروەها ڕایانگەیاندووە؛ کۆبینای پزشکیی "ناسر" و نەخۆشخانەی ئەمەل کە دوو نەخۆشخانەی سەرەکیی خان یونس دێنە ئەژمار، ئێستایش هەر لە گەمارۆی داگیرکەراندان و هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەر بە بینینی بچووکترین جم و جۆڵ لەم ناوچەیە تەقە دەکەن لە ئاوارەکان. لە ناوەڕاست و باکووری کەرتی غەززەیش ڕژێمی زایۆنی بەردەوامە لە جەنایەتەکانی خۆیدا. بە پێی ڕاپۆرتی میدیا فەلەستینییەکان ، زۆر حاڵەتی وا بینراوە کە خەڵکی مەدەنی بە هۆی ئەوەی خاڵپێکەکانی سوپای داگیرکەر ڕاستەوخۆ تەقەیان لێکردوون و یان گوللەی تانک لە ئۆتۆمبیل، ماڵ و شوێنی کۆبوونەوەیان کەوتووە، شەهید بوونە.

شەڕی دڕندانەی دژ بە غەززە تا بە ئەمڕۆ زیاتر لە ١٠٠ هەزار قوربانی بووە کە شەهیدان، برینداران و بێ سەرشوێنبوانێک دەگرێتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن. لە هەواڵێکی دیکەشدا زایۆنییەکان دیسانەوە دەروازەی "کەرەم ئەبوسالم"ـیان داخستووە و پێش دەگرن بە گوێزرانەوەی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکانی بۆ غەززە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ژمارێک لە وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش ڕایانگەیاندووە کە بە هۆی بەردەوام بوونی جەنایەت و پەلامارەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە، ئەوان بەنیازن لە ڕێگای دەریاییەوە یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بگەیەننە دەستی خەڵکی ئەم کەرتە گەرمارۆدراوە. هەیڤی سووری فەلەستینیش ڕایگەیاندووە کە سەربازانی سوپای داگیرکەر کاتی پەلاماردانی نەخۆشخانەی ئەمەلی خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، سویچی ئامبوڵانسەکان، ئۆتۆمبیلەکانی فریاگوزاری و ڕاژەکاری و ئیدارییان بردووە و کڵۆمیان دابەستووە لە فەرمانەکانیان بۆ ئەوەی کەس نەتوانێ لێیانبخوڕێ. ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی فەرمیی ڕژێمی زایۆنیش ڕایگەیاندووە کە میسر هەڕەشەی لەم ڕژێمە کردووە بێتوو پەلاماری ڕەفەح لە باشووری غەززە بدات، قاهیرە جێبەجێکرانی پەیمانی ئاشتیی دوولایەنە ڕادەگرێ. 

سەرپەیڤ