حوزه‌یران 11, 2024 11:15 Asia/Tehran

نوێنەری بزووتنەوەی حەماس لە لوبنان وتی: ئێمە بڕوامان وایە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئاگربڕ لە کەرتی غەززە، ئەنجامی بەرخۆدان، قارەمانەتی و دەسکەوتەکانی خۆڕاگری و تووشی شکست کردنی دوژمن لە گەیشتنە ئامانجەکانی و هەروەها خۆڕاگریی بێوێنەی خەڵکی فەلەستینە.

"ئەحمەد عەبدولهادی" وتی: ئەم بڕیارنامەیە چەند خاڵی ئەرێنی دەستەبەر دەکات و وەڵامدەری بەشێک لە داخوازەکانی بزووتنەوەی حەماسە، بەڵام هەندێ پرس و بابەتیشی تیدایە دەبێ بخرێتە بەر باس و لێکدانەوە.

عەبدولهادی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: پەسەنکرانی ئەم بڕیارنامەیە پیشاندەری ئەوەیە کە لە هەڵوێستی ئەمریکادا گۆڕانێکی بنەڕیتی ڕوویداوە و ئێمە هیوادارین ئەم گۆڕانە لە ڕەوتی دانوستانەکانیشدا ڕەنگدانەوەی هەبێ بۆ ئەوەی لە ئاکامدا ڕێککەوتنێکی بەدواوە بێ کە وەڵامدەری هەموو داخوازەکانی خۆڕاگری و گەلی فەلەستین بێ.

ئەم کاربەدەستە باڵایەی حەماس ڕاشیگەیاند: بانگەشەکانی سەرانی ڕژێمی زایۆنی سەبارەت بە بەردەوام کردنی شەڕ  تا تیابردنی خۆڕاگری و گەیشتنە هەموو ئامانجەکانیان و ئازادکردنی دەستبەسەرکراوان، هەموو درووشمی بێ بنەمایە و ڕاستییەکەی ئەوەیە کە سوپای داگیرکەر لە هەر کات و ساتی دیکە زیاتر لەو ئامانجانەی دوورە. 

سەرپەیڤ