لە سەرەتای مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە١٠٠ کەس لە کەرتی ڕۆژاوا دەستگیرکراون
ناوەندی دیلەکانی فەلەستین بە ئاماژە بەوەی کە زایۆنییەکان لە دەسپێبوونی جینۆسایدەوە لە غەززە زیاتر لە ٢٢ هەزار فەلەستینییان دەستبەسەر کردووە، ڕایگەیاند کە ئەم ڕێژەیە لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە ١٠٠ کەسی تێپەڕاندووە.
ناوەندی دیلە فەلەستینییەکان ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە لە سەرەتای مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، سوپای زایۆنی زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتیی بە ژن و منداڵیشەوە لە کەرتی ڕۆژاوا و قودسی داگیرکراو گرتووە.
ئەم ناوەندە بە ئاماژە بەوەی کە ئەم دەستبەسەرکردنانە هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی چڕبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی زایۆنییەکان لە ماوەی مانگی پیرۆزدا، ڕاشیگەیاندووە کە دەستبەسەرکردنی فەلەستینیەکان لە زۆربەی پارێزگاکانی کەرتی ڕۆژاوا لەوان قودسی داگیرکراودا ئەنجام دەبێ. داگیرکەرانی زایۆنی بەردەوامیشن لە پەرەپێدانی لێپرسینەوە مەیدانییەکان.
ئەم کردەوانە بەشێکن لە هەڵمەتێکی تۆڵەسەندنەوەی بەکۆمەڵ کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای فەلەستینی کردۆتە ئامانج و هەر لە سەرەتای کۆمەڵکوژیی غەززەوە دەستپێکراوە. ناوەندەکە ئاماژەی بە زنجیرەیەک تاوان و پێشێلکاری کرد کە لە دژی زیندانیانی فەلەستینی ئەنجام دراون، لەوانە کوشتن و لێدان، ئۆپەراسیۆنی تیرۆری پلانبۆداڕێژراو لە دژی دەستبەسەرکراوان و بنەماڵەکانیان، هەروەها وێرانکردنی ماڵی هاووڵاتیان و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان و تەنانەت تێکدانی ژێرخانەکانیش.
بەکارهێنانی ئەندامانی بنەماڵەی زیندانییەکان وەک بارمتە، بەکارهێنانی دەستبەسەرکراوان وەک قەڵغانی مرۆیی، لەسێدارەدانی مەیدانی، بەکارهێنانی دەستبەسەرکردنەکان وەک بەرگێک بۆ فراوانکردنی پرۆژەکانی شارۆچکەسازی لە کەناری ڕۆژاوا و پشتیوانیکردنی ئەو شارۆچکەنشینە زایۆنییانەی کە دەستدرێژی دەکەنە سەر فەلەستینییەکان، لە کردەوەکانی دیکەی زایۆنییەکان لەم بارەوە دێنە ئەژمار.